رێبوار تاڵەبانی: سبەی لە بەردەم دادگا ئامادە دەبم

دوای ئەوەی دانیشتنی یەكەمی دادگایی كردنی رێبوار تالەبانی بۆ 24/7/2017 دواخرا, كە لەسەر ئەو داوایەی كە لەبەرامبەر دەركردنی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە فەرمانگە حكوومییەكانی پارێزگای كەركووك لەسەری تۆماركراوە سبەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەبەردەم دادگا لە شاری بەغدا ئامادەدەبێت.

 

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاندووە: “لە سەر ئەو سكاڵایەی كە پێشتر لە سەرم تۆمار كرا سەبارەت بە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە سەر باڵەخانە حكوومییەكان، سبەی دووشەممە (24-7-2017) لە بەردەم دادگای قەزایی ئیداریی لە بەغدا ئامادە دەبم”.

دەشڵێ بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، بڕیارێكی شەرعییە و هیچ كارێكمان نەكردووە لە دەرەوەی یاسا بێت.

شایەنی گوتنە, ژمارەیەك لە ئەندامانی توركمانی سەر بە بەرەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەبەرامبەر بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەفەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك سكاڵایەكیان لە دژی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تۆمار كرد و دواتر بە دەیان پارێزەری كورد ئامادەیی خۆیان دەربڕی كە بەبێ بەرامبەر ببنە پارێزەری ئەو بەرپرسە كوردەی پارێزگای كەركووك.

Back to top button