كۆمپانیای نیڤا بریكاری سەرەكی كۆمپانیای فۆرد داخرا
كۆمپانیای نیڤا بریكاری سەرەكی كۆمپانیای فۆرد لە عێراق ، دوای (10) ساڵ كاركردن داخرا ، ئەوەش بە هۆی ئەوەی كێشەی بۆ هەندێك لە بەكارهێنەرانی ئوتۆمبیلی فۆرد لە كوردستان دروستكردووە و كۆمپانیاكەش هۆكاری داخستنی بۆ گۆرانی سیاسەتی فۆرد دەگەڕێنێتەوە .
نیڤا یەكێكە لە كۆمپانیاكانی فاروق گروپ كە ( فاروق مەلا مستەفا ) خاوەنی ( 65% ) پشكەكانیەتی و لە (35 % ) پشكەكانی سەرمایەدارێكی ئوردونی خاوەنێتی ، لە ساڵی (2007) بریكاری سەرەكی كۆمپانیای فۆردو لینكۆڵن بووە لە عێراق و بنكەی سەرەكی لە شارەكانی (هەولێرو سلیمانی و دهۆك و بەغدادو بەسرە ) هەبووە .
داخستنی كۆمپانیای نیڤا لە كاتێكدایە هەزاران ئوتۆمبیلی فۆرد لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هەن و نزیكەی دوومانگیشە كێشەی خزمەتگوزاری بۆ خاوەنی ئەو ئوتۆمبیلانە دروست بووە ، هەریەكێك لەو ئوتۆمبیلانە سێ ساڵ گەرەنتی و خزمەتگوزاریان لەگەڵدا بووە ، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمپانیای نیڤا بەشی خزمەتگوزاری و چاككردنەوەی هەبووە لەسەر ئەركی كڕیار كیچشەی ئوتۆمبیلەكان چارەسەر كراون ، لە ئێستادا هیچ كام لەم خزمەتگوزاریانە لەبەردەستدا نین .