بزانە گۆڕان بێ واژووی سەرۆكی هەرێم بەتەمای چ رێگاچارەیەكە بۆ دانانی پارێزگا

خواكوڕك
دانا عەبدولكریم، بەرپرسی بەشی حكومەت لە ژووری حكومەت ‌و پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاندوە، وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی یەكلایی بووەتەوە و گوتی “بەپێی رێكەوتنی پێشووتری یەكێتی ‌و گۆڕان، ئەو پۆستە وەردەگرین، تاكە كاندیدیشمان هەر د.هەڤاڵ ئەبوبكرە”. هەورەها دانا ئەوەش دەلێت، بۆ ئەوەی وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە، پێویستی بە واژۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی نەبێت، ” دەرچەی یاساییان دۆزیوەتەوە، دەشڵێت “لە رۆژی وەرگرتنی ئەو پۆستە، كە زۆری نەماوە، دەرچە یاساییەكە ئاشكرا دەكەین”.
 
سەرچاوەیەكی ئاگاداریش لە بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو رێگاچارە یاساییەی گۆڕان بێ بوونی واژووی  سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەلێت گۆڕان بەتەمایە، بەبێ واژووی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەرێگای یوسف محمەدەوە واژووەكە بكات، یوسف محمەد وەك سەرۆكی پەرلەمان مەرسوومەكە دەربكات.
 
سەرچاوەكە دەلێت تەنها ئەو رێگاچارە لەبەردەستی ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە كە پێشتر نەوشێروان مستەفا داوای دەرچەی یاساسی لێ كردبوون.
 
ئەو سەرچاوەیە دەلێت ئێستا گۆڕان بەتەواوی لەسەر ئەوەی مەرسوومی پارێزگا لەلایان یوسف محمەد وەك سەرۆك پەرلەمان دەربچێت خۆی یەكڵا كردۆتەوە و رۆژانەش لەسەر هێلە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو رێگاچارەیە.
 
لەبەرامبەر دا گۆران ئازاد پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەلێت “بەگوێرەی یاسای ژمارە3ی ساڵی 2003، بڕگەی 3 لە مادەی28 ، دوای دەنگدان لەسەر پارێزگار، دەبێت مەرسوومی سەرۆکی هەرێم دەربکرێت، روونە بەهۆی ئەوەی گۆڕانیش ئامادە نیە مەرسوومی سەرۆکی هەرێم  بۆ دەر بكرێت، بۆیە ناتوانرێت پارێزگاری نوێ دابنرێت”.
 
گۆران ئازاد ئاماژە بەوەش داوە،:” لە ماددەی 20ی هەمان یاسادا هاتووە، جێگری پارێزگار لەکاتی نەبوونی پارێزگاردا، جێگای پارێزگار دەگرێتەوە، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە پارێزگار دەستبکێشێتەوە، جێگر ناتوانێ جێگای بگرێتەوە، چونکە پارێزگار بۆ هەمیشە دەڕوات نەک بەشێوەی کاتی”.
Back to top button