وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەزیری بەرگریی عێراق: زمانی هەڕەشەكردن بەسەرچووە
دوای ئەوەی وەزیری بەرگری عێراق لە میانەی واژۆكردنی گرێبەستێكی سەربازی هەڕەشی لە هەرێمی كوردستان كرد, لە ئەگەری سازدانی ریفراندۆم, لە بەرامبەریدا بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی هەڕەشەكەی وەزیری بەرگریی عێراق دەداتەوە و دەڵێت “زمانی هەڕەشەكردن بەسەرچووە و رەتدەكرێتەوە”.
سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند: “زمانی هەڕەشەكردن بەسەرچووە و باوی نەماوە، سیاسەتی هەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە، كە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، پێویستە بە گفتوگۆ و ئاشتییانە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت”.
سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوەشكرد، “هەڕەشەكردن باش نییە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەك لە هەر شوێنێكەوە بێت، بەرگری لە خۆمان دەكەین”.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت “لەگەڵ سوپای عێراقی لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندییەكی باشمان هەیە، ئەو پەیوەندییانە بەردەوامە و هەڕەشەكردنیش رەتدەكەینەوە”.
عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگریی عێراق، كە ئێستا بەسەردانێك لە ئێرانە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی شەمخانی، نوێنەری رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاندووە: “سوپای عێراق، بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بەپشتبەستن بە ئەزموونی ساڵانی رابردوو رووبەڕووی هەر دوژمنكاریی و داگیركردنێك بۆ سەر خاكەكەی دەبێتەوە، رێگەش بۆ دروستكردنی هیچ ئاژاوەیەكی نوێ و رێوشوێنێكی نایاسایی نادات بەئامانجی دابەشكردنی عێراق”.