بەرپرسێكی باڵای ئەلمانیا: چارەكردنی كێشەی كورد رۆژهەڵاتی ناوین سەقامگیر دەكات
پرسی پشتگیری كردنی جیهان لە سازادنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان زۆرترین چاوی لەسەرە لە دواهەمین وتاریدا (یۆشكا فیشەر)، وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا لە وتارێكدا، كە لە سایتی ڕێكخراوی یۆرۆجێكت سەندیكەیتدا بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بە نیگەرانیی خۆی دەكات لەسەر چارەنووسی ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەڵێت، هۆكاری نائارامی زۆرن.
(فیشەر) دەڵێت: شەڕی داعش تەواو دەبێت و دەبێ بە ڕابردوو، بەڵام هۆكاری شەڕی دیكە لە ئارادایە، باس لە ڕووداوەكانی سەدەی ڕابردووی ناوچەكە دەكات لە دوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانی و شەڕەكانی جیهانی.
(یۆشكا فیشەر) لە وتارەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە لەمەودوا جەمسەری شیعە و سوننە، كە ئێران و سعوودیا نوێنەرایەتییان دەكەن، بەئاشكرا ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە. تا ئێستا لە ڕێی بریكارەكانیانەوە ئەو كارەیان كردووە و ژێربەژێر بەڕێوە چووە. (فیشەر) لە درێژەدا دەڵێت: ئەمریكا لایەنی سعوودییەی گرتووە و ڕووسیاش لایەنی ئێران. بە بۆچوونی (یۆشكا فیشەر)، پرسی كوردیش یەكێكە لە پرسە چارنەكراوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە دەشێ ببێتە هۆی دروستبوونی شەڕ و نائارامی. لەو بارەیەوە (فیشەر) دەڵێت، كوردەكان هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو بوون لە شەڕی داعش و كێشەكەیان پەیوەندیی بە وڵاتانی توركیا و ئێران و عێراق و سووریاوە هەیە و دەخوازن دوای شەڕی داعش مافی زیاتریان هەبێت.