ئایا گۆڕان دێتەوە؟

رێبوار كەریم وەلی

(1)
هەفتەی رابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕانی بیانووبڕ كرد و لە دەستپێشخەرییەكی نوێدا، بێ هیچ شەرت و مەرجێك رازی بوو بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ ناو حكومەت. لە بەرامبەردا، گۆڕان بە بیانووی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتیی نوێ و خانەی راپەڕاندنی خۆی، وەڵامی پارتیی نەدایەوە.

تا راددەیەك رێی تێدەچێ، چونكە پارتی داوای كۆبوونەوەی كردووە و مەبەستیەتی بزانێ كە دوای گەڕانەوەی یوسف محەممەد بۆ پەرلەمان، گۆڕان بە نیازی چییە؟ ئایا پەرلەمان لەو ماوە كورتەی تەمەنیدا كە ماویەتی، دەتوانێ لەگەڵ كارابوونەوەیدا دەست بكات بە دەركردنی بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25ی ئەیلول؟ هەروەك پێشتر لەلایەن حیزبە كوردستانییەكان، نوێنەری پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكە بڕیاری لێدراوە و ئایا پەرلەمان رێز لە ویست و ئیرادەیان دەگرێت؟

هاوكات ئایا پەرلەمان دەتوانێ یاسای هەڵبژاردنەكان، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان و سنووری ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە؟ ئایا پەرلەمان پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات كە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی وەك وادەی هەڵبژاردنە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی هەرێم دیاری كردووە؟ یان ئەوەتا یەكەم كاریان، سەرلەنوێ دەستبردنەوەیە بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم؟

پارتی هیچ مەرجێكی لەسەر گۆڕان نەماوە، بەڵام وەك گەورەترین كوتلەی سیاسی لە پەرلەماندا كە خاوەنی زۆرینەیە، دەیەوێ بزانێ كە پەرلەمان لە پێناوی چیدا كارا دەبێتەوە. ئەڵبەتە ئەوە بەو مانایە نییە كە دەستبردن بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هێڵی سوور بێت، بەڵام پێیوایە كە نابێت لە ئەولەویەتی كاری پەرلەماندا بێت و بگرە دەیەوێ كار لەسەر سێ پرسە گرنگەكە بكرێت.

لەبەرامبەردا زۆر زەحمەتە گۆڕان بە تێكشكاوی بێتەوە ناو پڕۆسەكە و بە بیانووی هەبوونی بۆشایی یاسایی (مەبەست سەرۆكی هەرێمە) مل بۆ ئەو دەستپێشخەرییەش نادات. چونكە ئەگەر وا بكات، لە روانگەی جەماوەرەكەیەوە ئەوانیش بوونەتە پاشكۆ یان هاوئاوازی پارتی! گۆڕان بەدوای شەرعییەتی پەرلەمانیی بڕیاری گشتپرسیی كوردستانەوە نییە (لە باشترین حاڵەتدا رەنگبێ بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هەنگاوێك بهاوێن، بەڵام بۆ شتی دیكە نا) و لە تەقەلای مانەوەیە لە كێرڤی بەرزی دژایەتیكردنی پارتیدا. هەر ئەوەشە وا دەكات كە چاوەڕوانیی ئەنجامێكی دڵخۆشكەر لەو دەستپێشخەرییە نەكرێت.

رێكخەری نوێ و سیاسەتی كۆن

(2)
هەڵبژاردنی عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتیی گۆڕان تا راددەیەكی زۆر مسۆگەرە و، هەم پارتی و هەم یەكێتیش پێی دڵخۆشن كە كەسێك دەبێتە رێكخەری گۆڕان تا راددەیەك نەرمتر و میانەڕۆترە لە ئەوانی دیكە. بەڵام راستییەكەی ئەوەیە هەر كەسێ بچێتە سەر ئەو گردە، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی رقی لە دەسەڵات و حكومەت دەبێتەوە.بۆیە ناكرێ پارتی و یەكێتی چاوەڕوانییەكی گەورە لەسەر هاتنی ئەو پیاوە بۆ سەر كورسیی دەسەڵاتی گۆڕان بنیاد بنێن. یان چاوەڕوانی ئەوە بن بە ماوەیەكی كەم گۆڕان سەدوهەشتا پلە لە هەڵوێستە سیاسییەكانی پاشگەز بكاتەوە، یان نەرمیی زیاتر بنوێنێ.

یەكێتی ئەو راستییە دەزانێ كە گۆڕان توانای بڕیاری سیاسیی نەماوە، بۆیە خۆشحاڵە لەو ئەمری واقیعەی كە پارتی لە تازەترین دەستپێشخەریدا، بۆ سەركردایەتیی تازەی گۆڕانی دروست كردووە. هاوكات ئەوەش دەزانێ كە گۆڕان هەر بڕیارێك بدات  بۆنی پاشگەزبوونەوەی لێ بێت، هێندەی دیكە دەكەوێتە ژێر ركێفی یەكێتی و جەماوەرەكەی لێی دەبنەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە، پارتی كارتی هەڵبژاردنی وەك كەرەستەیەكی گوشار بۆ سەر ناوەندەكانی یەكێتی بەكاردێنێت و ئەوەش لە پێناوی ئەوەیە كە دوو ئامانج بەدی بێنێت: یەكێتی هەتا سەر پاڵپشتی لە ریفراندۆم بكات و لە داهاتووشدا، ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێشەوە، بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو لەگەڵ پارتیدا بمێنێتەوە. چونكە پارتیش ئەوە لە یەكێتی تێگەیشتووە كە یەكێتی حەز ناكات ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، خۆ ئەگەر دوو ساڵیش دوا نەخرێ، بخرێتە كۆتایی ساڵی داهاتوو. یەكێتی پێویستی بە كاتە تا لە دوای ریفراندۆم، هەم بەو قورساییەی ئێستای رۆڵ ببینێت، هەمیش بە هێواشی گۆڕان قووت بدات. بۆیە تا پارتی زیاتر باسی هەڵبژاردن دەكات، یەكێتی بە دەنگی بەرزتر پشتیوانی لە ریفراندۆم دەكات.

ریفراندۆم بۆ بارزانی
(3)

ئەڵبەتە جەوهەری ئەو ململانێیەی لە ناوخۆی كوردستان لەسەر مەسەلەی گشتپرسی دروست بووە، ئەگەر هەندێكی پەیوەست بێت بە وابەستەیی سیاسی بەشێك لە لایەن و گرووپە سیاسییەكان بە ئەجیندای تاران، بەغدا و ئانكارا، بەشە هەرە سەرەكییەكەی ئەوەیە كە ئەم بڕیارە لە 7ی حوزەیران لە كۆبوونەوەیەكدا بەسەرۆكایەتی بارزانی دراوە و هەر خۆشی سەرۆكی كۆمیتەی باڵایە.

ئەوان دەیانویست هەر هەنگاوێك بهاوێژرێت، هیچ فەزڵێكی سیاسی و مێژوویی بۆ خەبات و ماندووبوونی بارزانی تێدا نەبێت و ئەو پێداگیرییەی لەسەر نایاساییبوونی بڕیارەكە دەیكەن و تانە لە وادەی جێبەجێكردنی دەدەن، لەوەوە نییە كە بڕیارەكە لەپەرلەمان دەرنەچووە (چونكە لە پەرلەمانیش دەرچووبایە هەر دەبووایە بارزانی ئیمزای بكات!) بگرە، مەترسیی هەرە گەورەیان ئەوەیە كە رۆژی 25ی ئەیلول خەڵكی كوردستان بەشدارییەكی بەرفراوان و گەورە لەو پڕۆسەیەدا بكەن. بەوەش خەڵكی كوردستان دەیسەلمێنن كە پابەندی بڕیاری بارزانی و حزبەكانی دیكەی كوردستانن. بۆیە ئەو گشتپرسییە ئەگەرچی پرسیارە لە چارەنووس، بەڵام بەشداریی فراوان و (بەڵێ)ی زۆر، پێگەی بارزانیش وەكو رابەری بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانەی كورد پتەوتر دەكات.

Back to top button