سەرۆكی پارتێكی توركمانی: بۆ ئەمریكیەكان بە هەموو شێوەیەك توركمان پالپشتی ریفراندۆمە
پرسی سازادنی ریفراندۆم كە لە ئێستادا مژاری سەرەكی گفتوگۆكانی ناوخۆی كوردستانە, لە زۆرترین دیدارەكانی نێوان لایەنە سیاسەكانی كوردستان هەولی بەدەست هێنانی پشتگیری بۆ پرسی ریفراندۆم دەرێت لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوی كوردستان, لەم چوار چێوەیە سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، ئاماژە بەوە دەدات كە لەكۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی كونسوڵخانەی ئەمریكا، پێمان ڕاگەیاندن كە توركمانەكانی ھەرێمی كوردستان، پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆم دەكەن.
محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، ڕایگەیاند: “لەلایەن بەرپرسانی ئەمریكاوە لە كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەرێمی كوردستان بانگھێشت كراین، بۆ ئەوەی بزانن ڕای ئێمە وەك پێكھاتەی توركمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم چییە، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندن كە توركمانەكانی ھەرێمی كوردستان پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆم دەكەن”.
سەرۆكی ئەو پارتە توركمانییە، ئەوەشی خستەڕوو: “باسی ئەو كێشانەمان كرد كە لە عێراقدا ڕووبەڕووی توركمانەكان دەبێتەوە، ھەروەھا باسی ھەرێمی كوردستانمان كرد كە مافی پێكھاتەكەمانی بەراورد بە عێراق داوە، ھەرێمی كوردستان لە ڕووی سیاسییەوە مافی بە نەتەوەكانی دیكە داوە كە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا بەشداری بكەن، لەگەڵ ئەو لایەنانە دابنیشن كە بە ملیۆن دەنگیان ھێناوە، ئەوەش بۆ پێكھاتەكانی دیكە زۆرە و جۆرێكە لە پاڵپشتی بۆیان، لە كاتێكدا لە عێراق ڕێگە بە توركمانەكان نادرێت كە لە ھیچ كۆبوونەوەیەكی حەیدەر عەبادی و مالیكیدا بەشداری بكەن، بۆیە ئێمە پاڵپشتی لە پرسی ڕیفرانۆدمی سەربەخۆیی دەكەین”.
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، جەختیشی لەوە كردەوە: “ئێستە پرسیار لە ھەر ھاوڵاتییەكی زۆر ئاسایی توركمان بكرێت، كە ھیچ زانیارییەكی لەسەر سیاسەت و دەوڵەت نەبیت، پێی بڵێن دەتەوێت لەگەڵ كورد و دەوڵەتی كوردی بژیت، یان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق كە زۆرینەی شیعەیە، لە وەڵامدا كورد ھەڵدەبژێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریكا ھاوپەیمانی كوردەكانە و لە ھەموو ڕوویەكەوە پاڵپشتی ھەرێمی كوردستان دەكات، بەتایبەتی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، دەیەوێت لەم ناوچەیەدا سەقامگیری ھەبێت و پێكھاتەكان بە مافی خۆیان بگەن، كاتێكیش پێكھاتە و ئایینییەكان پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بكەن، ئەمریكاش دڵنیا بوو لەوەی ئەو ھاوپەیمانیەتییەی لە كوردستان ھەیە دەبیتە وڵاتێكی دیموكراسی مەدەنی و دەتوانێت مافی ھەمووان بدات، ئەوا پاڵپشتی و پشتگیری لێ دەكات”.