كورد بە مەرج دەنگی بە بوودجەی تەواوكاریی عێراق دا

 

دوای ئەوەی دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پەیوەست كرا بوو بە گفتوگۆ كردن لە بارەی بودجەی ساڵی 2017ی عیچراق ئەندامێكی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڵێنی دا، بەشەدەرمانی ھەرێم نەبڕێت و پارەی جووتیارانی ھەرێمیش ڕەوانە بكات، ”ئێمەش دەنگمان بە بوودجەی تەواوكاری دا و پەسەند كرا.”

(حاكم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ”ئێمە سێ نوێنەری كوتلە كوردییەكان سەردانی سەرۆكوەزیرانمان كرد و باسمان لەوە كرد، ئەگەر بەڵێنمان نەدەیتێ بەشە دەرمانی ھەرێم ڕەوانە بكەیت و پارەی جووتیارانیش ڕەوانە بكەیت، ئێمە دەنگ بە بوودجەی تەواوكاری عێراق نادەین، بۆیە ئەویش بەڵێنی دا ئەو دوو داواكارییەی ئێمە جێبەجێ بكات، بۆیە ئەمڕۆ بوودجەی تەواوكاری خرایە دەنگدان و پەسەند كرا.”

(حاكم سەرحان سلێڤانەیی) گوتی: ”سندووقی نەقدی نێودەوڵەتی فشاری لەسەر حكوومەتی عێراق كردبوو، ئەگەر ئەمڕۆ بوودجەی تەواوكاری پەسەند نەكەن، كۆبوونەوەی خۆمان دەكەین وناتوانین زیاتر قەرز بە ئێوە بدەین، بۆیە بەو داواكارییانەی ئێمە ڕازی بوون و بوودجەكە پەسەند كرا، چونكە بەغدا پێویستی بە قەرزی زۆر ھەیە.”

(سلێڤانەیی) گوتیشی: ”ئێمە بەو مەرجە دەنگمان بە بوودجەی تەواوكاری دا، ئەگەرنا دەنگمان پێ نەدەدا، چونكە ئەو بوودجەیە ھیچی بۆ كورد تێدا نەبوو.”

Back to top button