ئامادەكارییەكانی ریفراندۆم حزبەكان كۆ دەكاتەوە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە تا ئێستا وادەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە.
مونا قهوەچی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان راگەیاندووە، لە ئێستادا حزبەكانی هەرێمی كوردستان لە نێو خۆی خۆیان سەرقاڵی كۆبوونەوەن و كۆبوونەوەكانیش تایبەتن بە ریفراندۆم .
زیاتر گوتی، تا ئێستا وادەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە.
روونی كردەوە، ئەو كۆبوونەوانەی كە یەكێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات بەشێكە لە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.
قهوەچی دەڵێت، لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ یەكێتی و لەگەڵ سەرجەم حزبەكانی تر دووپاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كراوە بەبێ ئەوەی هیچحزبێك مەرج دابنێت.
ئەوە لەكاتێكدایە كە دوای گەڕانەوەی شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئێران لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بۆوە و روونكردنەوەی لەبارەی هەڵوێستی ئێران بەرامبەر ریفراندۆم راگەیاند.