رابون مەعروف: لەدڵەوە نیگەرانین بەلەباربردنی یەكەم ژانی دیموكراسی گۆڕان

 

پرسی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كە بڕیارە سبەی هەلبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانی ئەو حزبە بكرێت, جێی باسی میداكان و چاودێرانی سیاسیە, پەلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان ڕەخنەی توند لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكەی دەگرێت‌و بە “ھەڵبژاردنی موزەیەف” وەسفی دەكات.

لەنوسینێكدا بەناونیشانی “ھەڵبژاردنی موزەیەف” رابون مەعروف لەپەرەی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەبارەی ئەو هەڵبژاردنانەوە نوسیویەتی، “ئێمە كە خۆمان بەویژدانی زیندوی گەنجە ڕاستەقینەكانی گۆڕان‌و پارادایمێكیتری سیاسی دەزانین، لەدڵەوە نیگەران‌و خەمبارین بەلەباربردنی یەكەم ژانی دیموكراسی گۆڕان لەدوای كاك نەوشیروان!”.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “تێكۆشان بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ئاسان نییە! ئێمە بەڵێن بەگۆڕانخوازە ڕاستەقینەكان دەدەین بەردەوام دەبین!”.

ژوری‌ هەڵبژاردنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان رایگەیاندووە، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی‌ رێكخەری‌ گشتی‌و خانەی‌ راپەڕاندن كە رۆژی‌ سێشەممە 25ی تەمموز بەڕێوەدەچێت، گەیشتۆتە قۆناغی‌ كۆتایی‌و پرۆسەی‌ خۆكاندیدكردن بۆ ئەندامێتی‌ خانەی‌ راپەراندن كۆتاییهاتوە.

ژوری‌ هەڵبژاردنەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئاماژەی‌ بەوەش كردوە، 20 كەس خۆیان بۆ خانەی‌ راپەڕاندن كاندید كردوەو بەهەماهەنگی‌ لەگەڵ ژوری‌ یاسایی بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئامادەكارییەكانیان گەیاندوەتە قۆناغی‌ كۆتایی‌و ناوی‌ سەرجەم كاندیدەكان لەلایەنە ژوری‌ یاساییەوە پەسەندكراوە ئاراستەی‌ ژوری‌ هەڵبژادن كراوەتەوە.

شایەنی گوتنەی, بڕیارە رۆژی‌ سێشەممە 25ی تەمموز، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن. خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان پێكدێت لەرێكخەری‌ گشتی‌، سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی، سەرۆكی‌ گشتی‌ جڤاتی‌ گشتی‌، سكرتێری‌ باژێڕوانەكان، ژورەكان، فراكسیۆنەكان‌و سكرتێری‌ كاروباری‌ خەڵك.

Back to top button