پۆلیس:له‌ قه‌زای خه‌بات له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سێك كوژراو یه‌كێكی تریش بریندار بوو

له‌ سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ قه‌زای خه‌بات كه‌سیك ده‌كوژرێت له‌ لایه‌ن كوڕه‌ خاڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ و پۆلیسیش په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی درووستكردووه‌ و بكوژ تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.

له‌ شارۆچكه‌ی خه‌باتی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ئه‌نجامی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا شه‌ڕ له‌نێوان چه‌ند كه‌سێك كه‌ خزمی نزیكی یه‌كترن درووست بوو و به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌سێك كوژرا و یه‌كێكی دیكه‌ش برینداربوو، (رائید هۆگر عه‌زیز) گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاندوه‌”شه‌وی رابردوو كاتژمێر 8ی شه‌و، پۆلیس ئاگاداركرایه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تێكی كووشتن و ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانمان گه‌یشتنه‌ شوێنی رووداو، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوان دوو خێزانی نزیك له‌ یه‌كه‌، كه‌ كوڕه‌ خاڵ و كوڕه‌ پوری یه‌كترن، له‌ گوندی (كه‌ڵه‌ك) سه‌ر به‌ قه‌زای خه‌بات.

كوژراو ناوی (د.ی) ته‌مه‌ن (23) ساڵانه‌، له‌ لایه‌ن كه‌سیكی نزیك له‌ خۆی كوژراوه‌ له‌ سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوان خۆیاندا،برایه‌كیشی برینداره‌،تا ئێستاش بكوژ ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، پۆلیس سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی رووداوه‌كه‌ن.

Back to top button