بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و نه‌وشێروان له‌سه‌ر ئه‌و ناوانه‌ رێكه‌وتن و هه‌ڵبژاردنی دیكۆریان كرد

راپۆرتی خواكوڕك
 
ڕێكخه‌رى گشتى و ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌له‌ ( 7) ئه‌ندام پێكدێن ، هیچیان به‌ته‌مه‌ن گه‌نج نین و ئافره‌تیشیان تێدا نییه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا به‌رده‌وام بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ته‌ئكیدى له‌ رۆڵى گه‌نج و ئافره‌ت و هێنانه‌ پیشه‌وه‌و ده‌رفه‌ت ره‌خساندنیان له‌ ناو كایه‌ى سیاسى دا ده‌كرده‌وه‌ ، دوایین نامه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌رى كۆچكردوى بزوتنه‌وه‌كه‌ش په‌راوێز خراو بایه‌خ نه‌درا به‌ گه‌نج و ئافره‌ت .
 
هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌و (7) ئه‌ندامه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌راندن پێشتر به‌رپرسیاره‌تیان هه‌بووه‌ له‌ ناو یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌ى ڕه‌تده‌كرده‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یان ته‌نها له‌ كۆنه‌ یه‌كێتیه‌كان پێكهات بێت و به‌شێكى جیاوازن له‌ یه‌كێتیه‌كان .
یه‌كه‌م خانه‌ى ڕاپه‌راندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ڕێكه‌وتنى پێشوه‌خت یه‌كلایی كرایه‌وه‌و فشارو ده‌ستیوه‌ردان هه‌بووه‌ بۆ ده‌رچوون و كشانه‌وه‌ى كاندیده‌كان ، به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانى گۆران و له‌ نیویاندا ( قادرى حاجى عه‌لى و عوسمانى حاجى مه‌حمود ) نیگه‌ران بن و له‌لایه‌ن هه‌ڵسوراوه‌ گه‌نجه‌كانه‌وه‌ ڕوبه‌روى ره‌خنه‌ بونه‌ته‌وه‌ ، نیگه‌رانیه‌كان دواى ئه‌وه‌ دێن ئاراسته‌ى ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌و ئاراسته‌ى ( عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ) كه‌ ( محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) و زاواى (نه‌وشیروان مسته‌فا ) و بنه‌ماڵه‌ى ڕێكخه‌رى كۆچكردوو پاڵپشتیه‌تى ناكۆكى له‌ نیوانیاندا هه‌بووه‌و له‌ كێبڕكێدا بوون ، به‌ڵام له‌ ساته‌كانى كۆتایدا به‌ ڕێكه‌وتن ئه‌ندامانى خانه‌كه‌یان دیاریكردو له‌ ژێر فشاردا كاندیده‌ گه‌نجه‌كان ناچار به‌ كشانه‌وه‌ كراون”.
 
به‌ پێى سه‌رچاوه‌ زانیاریه‌كان ” ڕێكه‌وتنى پێشوه‌خت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌راندن دواى ئه‌وه‌هات مه‌ترسى هه‌بوو (محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) زاواى (نه‌وشیروان مسته‌فا ) ده‌رنه‌چێت و نه‌بێته‌ ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌راندن ، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌هات كه‌ (عوسمان حاجى مه‌حمود ) كاندیدێكى به‌هێز بوو بۆ هه‌مان پۆست كه‌ ( محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) خۆى بۆ كاندید كردبوو ( سكرتێرى كاروبارى ژووره‌كان ) .
كوڕه‌كانى ( نه‌وشیروان مسته‌فا ) به‌به‌رژه‌وه‌ندى ( محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) زاوایان ده‌ستێوه‌ردانیان له‌ پرۆسه‌كه‌دا كردووه‌و ئه‌ویان وه‌كو نوێنه‌رى بنه‌ماڵه‌ى ( نه‌وشیروان مسته‌فا ) ناوبردووه‌ ، هاوكات (عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ) داواى له‌ (عوسمانى حاجى مه‌حمود ) كردووه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ بگۆڕێت كه‌ خۆى بۆ كاندید كردووه‌ تا ( محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) بێڕكابه‌ر ببێته‌ ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌راندن ، لاى خۆیه‌وه‌ ( عوسمان حاجى مه‌حمود ) نیگه‌ران و ناڕازى بووه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر داواى ( عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ) بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ دروست نه‌بێت به‌تایبه‌ت بۆ قۆناغى ئێستاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ، ڕازى بووه‌ شوێنى خۆ پاڵاوتنه‌كه‌ى بگۆرێت و خۆى بۆ سكرتێرى باژێروانه‌كان كاندید بكات .
 
دواى ئه‌وه‌ى ( عوسمان حاجى مه‌حمود ) شوێنى خۆپالاوتنه‌كه‌ى گۆڕى ( د.محه‌مه‌د عه‌لى ) ڕێكخه‌رى ژوورى توێژینه‌وه‌ى سیاسى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌چێته‌ كێبڕكێكانه‌وه‌و به‌رامبه‌ر ( محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) و پێشتر بڕیار بوو (د.محه‌مه‌د عه‌لى ) خۆى كاندید نه‌كات ، دواى ئه‌وه‌ى ( د.محه‌مه‌د عه‌لى ) هاته‌ نێو پرۆسه‌ى كێبڕكێكه‌وه‌ ، كوڕه‌كانى ( نه‌وشیروان مسته‌فا ) له‌ ڕێگه‌ى ( شۆرش حه‌مید ) كه‌ كه‌سێكى نزیكیانه‌ داوایان له‌ ( د.محه‌مه‌د عه‌لى ) كردووه‌ خۆى كاندید نه‌كات ، به‌ڵام ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌و نه‌كشاوه‌ته‌وه‌ و دواتر ژوورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ژێر فشاردا خۆكاندید كردنى ( د.محه‌مه‌د عه‌لى ) یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ به‌ بێ هیچ پاساوێكى یاسایی ، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى ( محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) به‌بێركابه‌ر ده‌رچوونى مسۆگه‌ر بێت ، لاى خۆیه‌وه‌ (د.محه‌مه‌د عه‌لى ) تانه‌ى له‌و بڕیاره‌ى ژورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان گرتووه‌.
 
چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن پۆستى ڕێكخه‌رى گشتى بۆ ( عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ) یه‌كلایی بوبویه‌وه‌ و به‌لێنیش درابوو به‌ ( ره‌ووف عوسمان ) كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكى جڤاتى گشتى و ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌راندن ، هه‌ربۆیه‌شه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌ندامانى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان نیگه‌رانن له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و ڕێژه‌یه‌كى زۆریش ده‌نگى سپى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ماناى ناڕه‌زایی و نیگه‌رانى یه‌ ، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ شانۆگه‌رییه‌كى ناشیرین و پرسیارى زۆرى له‌سه‌ر دیموكراتیه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆران خولقاند
 
هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ى كه‌ خۆیان كاندید كردبوو بۆ ئه‌ندامبوون له‌ خانه‌ى ڕاپه‌راندن له‌ ژێر فشارو به‌هۆى ڕێكه‌وتنى پێشوه‌خته‌ى ئاراسته‌ ناكۆكه‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان كشانه‌وه‌ ، به‌رله‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ست پێبكات پرۆسه‌كه‌ كێبڕكێى تیدا نه‌مابوو و بڕێنرابویه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ) بۆ ڕێكخه‌رى گشتى گۆران و ( جه‌مال محه‌مه‌د ) بۆ كاروبارى جڤاتى نیشتیمانى و ( محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ) بۆ سكرتێرى كاروبارى ژوره‌كان و ( عوسمان حاجى محمود ) بۆ سكرتێرى باژێروانه‌كان ، هیچ ركابه‌رێكیان نه‌بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ، ته‌نها خۆیان كاندیدى ئه‌و پۆستانه‌ بوون ، جگه‌ له‌ ( جه‌لال جه‌وهه‌ر ) سكرتێرى فراكسیۆنه‌كان كه‌ ركابه‌رێك و ( شۆرش حاجى ) سكرتێرى كاروبارى خه‌لك دوو ركابه‌ریان وه‌كو شانۆگه‌رى هه‌بوو، سه‌ركرده‌ كۆنه‌كان سه‌رجه‌میان بێ ركابه‌ر بوون”.
 
هه‌ریه‌كه‌ش له‌ ( دلێر عبدالخالق ) كاندید بۆ سكرتێرى جڤاتى نیشتیمانى و ( ئیسماعیل نامیق ) كاندید بۆ سكرتێرى كاروبارى فراكسیۆنه‌كان و ( ئاسۆ مه‌حمود ) كاندید بۆ سكرتێرى باژێروانه‌كان و ( عبدوڵا مه‌لانورى ) كاندید بۆ كاروبارى خه‌ڵك له‌ پرۆسه‌كه‌ كشانه‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌ش هه‌بوونى فشارێكى زۆربووه‌ له‌سه‌ریان .
Back to top button