نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە عومەری سەید عەلی دەكات

بەبۆنەی هەڵبژاردنیەوە بە ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نامەیەكی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز عومەری سەید عەلی كرد.
دەقی پەیامی سەرۆك حكومەتی هەرێم بۆ رێكخەری نوێی گۆڕان
بەڕێز عومەری سەید عەلی،
ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان

سڵاو و ڕێز..

بەبۆنەی هەڵبژاردنتانەوە بە ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بەگەرمی پیرۆزباییتان لێ دەكەم، هیوای سەركەوتنان بۆ دەخوازم. پیرۆزبایی لە بەڕێزان ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و سەركردایەتیی تازەی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم، هیوادارم لە كار و ئەركەكانیاندا سەركەوتوو بن.

بە وەرگرتنی پۆستی یەكەمی هێزێكی گرنگی سیاسی لە هەرێمی كوردستان وەك بزووتنەوەی گۆڕان، بەڕێزتان قۆناغێكی تازە لە خەبات و ئەرك و بەرپرسیاریەتی دەگرنە ئەستۆ، ئەلقەیەكی دیكەش دەخەنە سەر ئەو زنجیرە خەبات و تێكۆشانەی كە ساڵانێكی دوور و درێژ و تەمەنێكی پێشمەرگایەتی و خەبات و كوردایەتی لەپێناو كوردستاندا بەڕێتان كردووە.

ئێمە بە هیوا و گەشبینییەوە دەڕوانینە وەرگرتنی ئەم پێگەیە لەلایەن بەڕێزتانەوە، ئومێدیشمان زۆرە كە ئامانجە هاوبەشەكانی هەموو هێز و لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان لە بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان، وادەكات هەموومان پێكەوە لەگەڵ بەڕێزتان و بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی دیكە بتوانین چارەسەری كێشەكان بكەین و ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ گەلی كوردستان هاتۆتە ئاراوە، بە باشترین شێوە بۆ بەرژوەندیی كوردستان و بەدیهێنانی ماف و خەونەكانی، كە بە درێژاییی سەتان ساڵ خەباتی بۆ كردووە و شەهید و خوێن و قوربانی بۆ داوە، بقۆزینەوە.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم، سەركەوتوو بن.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
25/7/2017

Back to top button