سێوكانی: شاسوار عەبدولواحید بە پارەی مالیكی دژایەتیی سەربەخۆیی دەكا
خاوەنی كۆمپانیایەكی كوردستان لە كەنالیكی تەلەفزیۆنی كە زمان حالی كۆمپانیاكەیە ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند كە كەمپینێك بۆ دژایەتی كردنی ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان رادەگەیەنێت, نووسەرێكی سلێمانیش دەڵێت:” شاسوار عەبدولواحید بە پارەی مالیكی دژایەتیی سەربەخۆیی دەكا
سۆران سێوكانی، نووسەر و شارەزای سیاسی لە سلێمانی، ڕایگەیاندووە، ئەو هەڵمەتی پروپاگەندەیەی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیای (نالیا) دژی سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێ كردووە، ”ئاشكرایە دەستێكی لە پشتە و بیروڕا نییە و بە دڵنیاییەوە شیرینییەكەی پێشەكی وەرگیراوە، ھەروەھا ئەو قسە و ھەڵوێستەی ئەو دەبێتە بەڵگەی ڕاستبوون و سەلماندنی ھەموو ئەو قسانەی كە دەكران، سەبارەت بەوەی شاسوار عەبدولواحید لەلایەن نوری مالیكییەوە پشتگیری دەكرێت و پارە لەو وەردەگرێت و ئاشكرایە دەستێك یاری پێ دەكات”.
بە بڕوای سێوكانی، مەبەست لەو كارەی شاسوار عەبدولواحید، ”تێكدانی بارودۆخی كوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتییە“ و ئەوەی نەشاردەوە كە ”ئێستا دەزانرێت بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرەی دژە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی پاشەكشە دەكات و لەوانەیە بێتە سەر ھێڵی (بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم) و ئەمە دوا تیر بێت و بیانەوێت لە ڕێگەی شاسوارەوە بیھاوێژن”.
بەڵگەش بەوە دێنێتەوە كە كەناڵەكەی سەر بە كۆمپانیای نالیا، ”تیرۆریستێكی وەك مەلا كرێكار” دەھێنێتە سەر شاشەكەی و ”قسە لەدژی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان“ دەكات. دووپاتیشی كردەوە: ”هەڵوێستەكەی شاسوار عەبدولواحید دژی سەربەخۆیی كوردستانە نەك پرسی ڕیفراندۆم و ھەڵەیە ئەگەر بگوترێت ئەوان دژی ڕیفراندۆمن، بەڵكوو ئاشكرایە دژی سەربەخۆیی كوردستانن”.