ڤالا فەرید : كەمپین دژی ڕیفراندۆم بێویژدانی و دژی یاسایە
ماوەی چەند ڕۆژیكە دەنگۆی دروستكردنی كەمپینێك لە شاری سلێمانی دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە ، هەرچەندە ئەم كەمپینە هیچ كاریگەرییەكی بەسەر ڕیفراندۆمەوە نابێت ، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەو جۆرە هەڵمەتانە بە خەرقی یاسایی ناوی دەبات و شارەزایانی سیاسی ئەو جۆرە كەمپینانە بە دەستێكی سیاسی و دەرەكی ناودەبات دژ بە ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان .
“د . ڤالا فەرید ” سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند ” هەر جوڵانەوەو كەمپینێك و پێكهێنانی هەرگروپێك دژی ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان ، پێچەوانەیی هەموو یاساو ڕێساكانی ناوخۆو نێودەوڵەتی یە ، چونكە دەبێتە دژایەتیكردنی گەل و نەتەوەو پێچەوانەی پرەنسیپە نیشتیمانییەكانە ، لەبەر ئەوە هەركەس و لایەنێك دەستی تێدا هەبێـت و بەشدار بێت ، سەرەتا بێویژدانی یە لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆی پاشانیش سەرپێچی یاساییە ، كە یاسا نیودەولەتیەكان ئەو مافەیان داوەتە هاوێتیانی هەرێمی كوردستان كە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن “.
هەروەها “د. ڤالا فەرد ” ڕاشیگەیاند ” ئەوەی لێرە و لەوێ باس دەكرێت، كەمپین یان جووڵانەوەی دژی پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی دروست دەكرێت، ئەوە لە ڕووی یاسایییەوە ئەو كەسانە خۆیان بەرپرسن لە ھەر لێپرسینەوەیەك، چونكە كارەكانیان دەچێتە دەرەوەی یاساوە، بەتایبەتی ئەو دەزگای ڕاگەیاندنانەی پڕوپاگەندە بۆ ئەو كەسانە بڵاو دەكەنەوە، پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەریاندا بگرێتەبەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات.”