بارزانی چی به‌ قوتابییه‌ یه‌كه‌مه‌كانی كوردستان گوت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان کرد و لە وتەیەکدا ڕایگەیاند کە زۆر خۆشحاڵە بە دیداری ئەو ئازیزانە و پیرۆزبایی لە قوتابییەکان و مامۆستایان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ـی٧ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی پۆلی دوازدەی ئامادەیی کرد.

لەو دیدارەدا کە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان ئامادەی بوون، سەرەتا وەزیری پەروەردە سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە و کورتەیەکی لەسەر پێشکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە کوردستان و ئاستەنگەکان باس کرد.

دواتر سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە زۆر خۆشحاڵە بە دیداری ئەو ئازیزانە و پیرۆزبایی لە قوتابییەکان و مامۆستایان کرد. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: بۆ من زۆر جێی خۆشحاڵییە کە ژمارەیەکی زۆر کچ لە ڕیزی یەکەمەکانی کوردستاندان و کچی شەهیدێکی کوردستان پلەی یەکەمی وەدەست هێناوە، ئێوە هەمووتان ڕوحی شەهیدانتان شاد کرد و مایەی سەربەرزی و شانازیین.

هەر لە دیدارەکەدا دوو قوتابیی یەکەمی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی، بەناوی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد بۆ ئەو پێشوازییە و سوپاسی مامۆستایانیان کرد کە پشتیوانیان بوونە بۆ ئەو سەرکەوتنەیان. هەروەها سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیان کرد کە لە سایەی ئەوانەوە توانیویانە بە دڵنیاییەوە بخوێنن و بەڵێنیشیان دا کە هەموو توانا و هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی کوردستان و شادکردنی ڕوحی شەهیدان دەبێت.

Back to top button