جەنگی نەرمی فاشیزمی فارس و پرسی ریفراندۆم

عێرفان ڕەهنموون

پێش هەموو شتێ پێویستە ئەوە بزانین کە جیاوازییەکی ریشەیی لە نێوان داگیرکەرانی کوردستان دا لەمەڕ چۆنیەتی بەرەورووبوونەوە لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازانەی کورد دا هەیە . بەو مانایەی کە فاشیزمی عەرەب و تورک لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بزاڤی کورد دا ، زیاتر لە میتۆدی جەنگی زبر ، واتە سڕینەوەی فیزیکیی کورد کەلکیان وەرگرتوە . بە ڵام فاشیزمی فارس ، بە پێچەوانەی تورک و عەرەب ، هاوشان لەگەڵ ژینۆسایدی کورد دا ، میتۆدەکانی جەنگی نەرمیشی بەکارهێناوە .

جەنگی نەرم بەتیرێک دوو نیشان دەئانگێوێت ، هەم رەوایی بزاڤی کورد دەکاتە نیشانە و هەم تێچووی مرۆیی و دارایی کەمتری هەیە و کاریگەریشی زێدەترە . بەڵام بەداخەوە ، کوردی باشوور زۆر بەکەمی فاشیزمی فارس دەناسن و زۆر بەئاسانی دەکەونە نێو ئەجیندای جەنگی نەرمی رژیمی ئێرانەوە . ئەم شێوە کارە ساویلکانەیەی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی باشووری کوردستان ، پاش دیاریکردنی رۆژی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان خۆی نواند و زۆرێک لەوان بەبێ گوێدان بە ئەجیندای دوژمنانی کورد و کەڵکی ئاوەژوو وەرگرتنی رژیمی فاشیزمی فارس ، کەوتنە دژایەتیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و رژیمی ئێرانیش ، بۆ سووک کردنی کورد لەبەرچاو گەلی سەردەستی فارس و ئەو کوردانەی کە زمانی فارسی تێدەگەن ، نووسینی ئەو نووسەرانەی باشووریان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی . ئامانج لەم کارە ئەوەیە کە بڵێن ، ئەوە ئێمە نین کە دژایەتیی مافەکانی کورد دەکەین ، بەلکو ئەوە خودی کوردی باشوورن کە پرۆژەی سەربەخۆیی برادەرانی موسوڵمانی باکووری عێراق ! ریسوا و پرۆتستۆ دەکەن .

ئەمەش بەشێکە لە جەنگی نەرم ، چونکە فاشیزمی فارس لێی روونە کە ئەگەر راستەوخۆ ، دژایەتیی مافەکانی کورد بکات ، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتیی کورد و یەکگرتنیان ، بەڵام ئەگەر لە زمان و خامەی خودی کوردەوە ، پەرە بەگوتاری دژە کوردی خۆی بدات ، هەم دەستە رەشەکانی خۆی دەشارێتەوە و هەم کاریگەریشی زۆرتر دەبێ . بۆیە کاتێ کە کوردی باشوور ، رەخنە لە رێوشوین و کات و ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دەگرن ، پێویستە لە هەڵبژاردنی وشە و چەمکەکاندا ، وشیار بن و فاشیزمی دەبەنگی عەرەب و تورک لەگەڵ فاشیزمی فێڵزانی فارس دا بەراورد نەکەن و نەکەونە نێو رایەڵەی ئالۆزو جاڵجاڵۆکەیی جەنگی نەرمی فاشیزمی فارسەوە .

Back to top button