بەغدا دوای داعش مەترسی یە بۆ سەر كوردستان نەك ریفراندۆم
یاد سرێشمەیی
عێراقی دوای داعش كە بوەتە گۆڕەپانێ میلیشا چەك بەدەستەكان و ئەو هێزانەی وەك كرێگرتەی وڵاتانی ئیقلیمی دێنەبەرچاو، هیچ گرەنتیەكی بۆ بەیەكەوە ژیان لێ چاوەڕێ ناكرێن، بەڵكو ئەو مەترسیە سیاسیەی كە لە خەلفیەتی سیاسی چەند سەركردەیەكی عێراق هەست پێدەكرا دژ بە كوردستان و ئەزموونەكەی، ئێستا مەترسیەكە خەریكە فۆڕمێكی سەربازی وەربگرێت بەمەش مەترسیەكان جدی تر دەبن، خوێندنەوەی مەترسیەكان و دونیا بینی یان راستر بلێین ئەمڕۆ بینیمان بۆ عێراق بەم شوەیە, بەر لە ۷ی حوزیرانی۲۰۱۷ وجودی هەبوو واتا پەیوەندی بە سازدانی ریفراندۆم دەستبردن بۆ ئەكتیڤ كردنی مەلەفی پڕۆژەی دەوڵەتسازی نیە, كە پێمان وابێت بەهۆی ریفراندۆ مەترسیەكان دروست بوبێت بەلكو بەپێچەوانەوە بەهۆی مەترسیەكان بڕیاری ریفراندۆم درا.
ئەگەر كورد ریفراندۆم نەكات پاشگەزبێتەوە كە ئەگەرێكی محالە، كێ گرەنتی مافەكانمان دەكات، لەچوارچێوەی ئەو عێراقەی كە تەنها كورد بە فیدراڵی ناوی دەبات, هەڵبەتە كەس، ئەی سڕی مانەوەمان بەكێلەكی ئەو عێراقە چیە، كە ماددەی ۱٤۰ت بۆ جێبەجێ ناكات و پەرلەمانتارانیان شانازی بەرێگری كردن لەجێكردنی دەكەن، بودجەی گشتی و بودجەو پێداویستەكانی پێشمەرگەت دەبڕێت و دواتر لەسەتا حەڤدە بۆ سەتا یەك كوردی لەریزی سوپا كەمدەكاتەوە سیاسەكانیان شانازی بەو هەنگاوە بكەن دژ بەكورد، كەمەترسی داعشت لەسەر دروست بوو مێش میوانی نەبوو، كە ئێران ئاوی گرتەوە بێدەنگ بوو، پارەی گەنمی جوتیاران و بڕی دەرمانی دەست بەسەرداگرتووە، زیان لێكەوتوانی حكومەتەكانی پێشوتر قەرەبوناكاتەوە وەك ئەوەی بۆخۆی دەكات وەك هاوڵاتی پلە دووت سەیر دەكات, جگە لە شەرعیەتدا بە كۆیلە بوون چ مانایەكی هەیە؟
یان ئەگەر ریفرادۆم دواخرا كە دیسان ئەگەرێكە لاوازو مەحالە، گریمان بەبیانوی نەگونجاوی كات كە( گۆڕان و كۆمەل) لەخالی سێیەمی دووا راگەیێنراوی كۆبونەوەكەیان داوایانكردووە، كێ گرەنتی باشتر و لەباری كاتێكی دیكە دەكات، یان كێ گرەنتی حەشدی شەعبی و هێزە بێ باوكەكانی دیكە عێراق دەكات، لەدوای وەدەرنانی داعش پەندی “شەڕ لە دەست بەتاڵی باشترە” جێبەجێناكات، دۆخی ناوخۆی هەرێم ناشێوێنن كە ریفراندۆم دواخرا نزیكترین ئەگەر ئەمەیە لەواقع, دەی هیچ نەبێت كێ گرەنتی گەڕانەوەی ئەو هەموو مافانەمان دەكات ئەمڕۆش نەبێت سبەی, هەلبەتە كەس.دەی مانەوەمان لە چوارچێوەی عێراقێك كە تەنها لەئاسمانەوە بەیەك پارچەی ماوینەتەوە جگە لە خۆخەلەتاندن و كاتكوشتن شتێكی دیكە نیە.
بۆجیهانیش كە تێبینمان پێدەدەن لەسەر كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم گریمان دواخرا و وەك ۲۰۰۳ مسكینمان خوارد، پێمان بلین لەكام ڕۆژی هەفتە كات گونجاو دەبێت بێگومان بێ وەڵامن بۆیە لەپێناو گەل و نیشتیمان دڵی دۆستانت ناخۆش كەیت لەخۆشكردنی دڵی دوژمن چاكترە، چونكە لەهەموو بارێك دۆست دۆستەو دوژمنیش دوژمن، كەوایە سوپاس كە سەركاروانی سەربەخۆی هۆشیارە, لە كاتێكی دروست كە كات كاتی بەشینەوەی دەستكەوتەكانی دوای جەنگە بڕیاری بەرەو هەنگاوی كردەی بۆ سەربەخۆی كوردستانیان دا.