جاش نین تەنەکەچین

 ئاسۆ حاجی
 
گووتارێکم دەربارەی خراپ خوردکردنەوەی پرسی ڕیفراندۆم و ماف دان بە دژایەتیکردنی بۆ ماڵپەڕێک نارد،کە تێیدا باسی ئەوەم کرد بوو کە حکومەتی عێڕاقی و حزبەکانی و ڕۆشنبیرەکانی ئەو مافە سەرەتایی و سادەیەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە گەلی کوردستان ڕەوا نابینن و لە بەرامبەر ئەو داخوازیەی میللەتێک کە سەد ساڵە داگیریان کردووە و گەورەترین و دیارترین یادەوەری سەد ساڵی کورد و عەرەب لە چوارچێوەی دەوڵەتی دروستکراو و مزەوەڕی عێڕاق ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و خاپوورکردنی زیاتر لە پێنج هەزار گوندە،نووسی بووم کە هەڕەشە و وەڵامی سەرکردەکانی عێڕاق جیاوازیێکیان نیە لەگەڵ سەدام چونکە درێژکراوەی هەمان عەقڵیەتن بۆیە هەر کوردێک بە هەرشێوەیێک هاوکاریان بکات لە ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەو جاشە چونکە ئێمە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانیداین.
 
سەرنووسەری ماڵپەڕەکە دوای سعاتێک گووتی ناتوانین گووتارەکەت بڵاوبکەینەوە،چوونکە وشەی جاشی تێدایە، گووتم باشە بەڵام ئەوانە جاش نین؟ گووتی بێگومان جاشن بەڵام ئێمە ناتوانین بڵاوی بکەینەوە مەگەر ئەو وشانە بگۆڕی.
 
لەگەڵ ئەو داوایەی ئەو سەرنووسەرە بەڕێزە چیڕۆکێکی هاوشێوەم وەبیر کەوتەوە، لە دوای ئەنفالەکان و تێکدانی گوندەکانی گوردستان،کابریێکی چیایی لە گەڕەکێکی هەژارنشینی هەولێر دەبیتە کرێچی و دەبێتە دراوسێی کەسانێکی قسە خۆش و قۆشمە باز ئەویش بۆ ڕەواندنەوەی خەمەکانی ئێوارانی لەلای ئەوان بەسەر دەبرد کە یەک لە یەکیان دەم پیس تر و هەموو فکریان لە داهێنانیان جوێنی نوێ کۆکردبۆوە بۆیە خۆشترین بانگ کردنیان بۆ یەکتر ‘گەواد’ بوو، کابراش بەو قسانە کبریائە چیایەکەی و نەریتە گوندیەکەی دەوڕوشا و نەشیدەتوانی دەستبەرداری قسەخۆشەکانیان بێت، جوێن فرۆشەکانیش دڵیان دەتەقی تا جارێک پێی بڵێن گەواد و ئەویش ببەنە ڕیزی خۆیان بەڵام دەیانزانی ئەو ئەو جوێنانە قبوڵناکات و ڕەنگە پەرچەکردارەکەی چاوەڕوان نەکراو بێ،بۆیە سەر دەستەی جوێن فرۆشەکان ڕۆژێک بەتەنیا پیاسەیەکی پێدەکا و ڕازی دڵی پێ دەڵێت کە چەند عەوداڵی ئەوەیە جارێک پێی بڵێ گەواد وای تێدەگەینێ کە لەبەرچاوی ئەوانەی دیکە حەز ناکات ئەو وشە ناشیرینەی پێ بڵێ بۆیە لەگەڵی ڕێک دەکەوێ کە لە جیاتی وشەی گەواد پێی دەڵێ تەنەکەچی و کابرای چیایش ڕازی دەبی.
 
سەردەستەی جوێن فرۆشەکان چیڕۆکەکە بۆ هەموو برادەرەکانی گێڕابۆوە،بۆیە کە کابرای چیایی دەچوە لایەن لەبەری هەڵدەستایەوە و دەیگوت بەخێربێی مام تەنەکەچی و ئەوانەی دیکەش دواتر هەمان ناسناویان بۆی بەکاردەهێنا و بەو شێوەیە هەردوو لایان بە سازان گەیشتن و کێشەیان بۆ دروست نەبوو.
بەو برادەرەم گووت ڕات چیە ئێمەش ئەو وشەی جاشە بە تەنەکەچی یان بە گوێرەی پیشەی کابرا بیکەینە کەبابچی یان پشکچی بەڵام لە دامێنی گووتارەکە واتای وشەکان بنووسین کە ئەو وشەی پاشگری چی تێدایە دەتوانن جاشێکی لەجێ دابنێن.
 
Back to top button