بەپەلە: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەر رزگاركردنی موسڵ هاتە سەرخەت
خواكوڕك
بەگوێرەی راگەیاندراوێك لە 20ـی 8ـی 2016، لەلایهن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كراوتەوە. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شاری موسڵ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بڵاوبوونەوەی لێدوانی جۆراوجۆر لە میدیاكان لەمبارەیەوە بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە:
یەكەم: شەڕی تیرۆریستانی داعش ئەولەوییەتی سەرەكی هەرێمی كوردستانە و لەم دووساڵەدا پێشمەرگە قارەمانانە ئەركی خۆی بەجێ گەیاند و ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شكا.
دووەم: ڕزگاركردنی شاری موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان و ناوچەكە گرنگە و جێگەی بایەخە و، جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە دەرئەنجام و دەرهاوێشتە مرۆیی و سیاسییەكانی و كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت.
سێیەم: بەلای هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكان و خەڵكی پارێزگای نەینەواوە، قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ گرنگییەكی تایبەتی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتانەی بەسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا هاتووە و بۆ ئەوەی گرفتی تر سەرهەڵنەدات و دڵنیایی تەواو بدرێتە پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا و دانیشتوانی شاری موسڵ پێویستە ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان لایەنەكان هەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا.
چوارەم: لەبارەی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو ڕێككەوتنانە دەبێت كە پێشتر لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان بوونی هەبووە و هەروەها هەر ڕێككەوتنێك كە لە داهاتوودا لەنێوان ئەو سێ لایەنە دەبەسترێت.