سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ـی٧ـی٢٠١٧ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بەڕاشكاوی باسی ڕەوشی سیاسیی عێراق و كوردستان كرا، هەروەها ڕەوشی سەربازی و شەڕی دژی تیرۆریستان خرایە بەرباس و تەئكید كرایەوە كە ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان هەبووە، بەردەوام دەبێت. هەردوولا هاوڕا بوون كە دەركردنی داعش لە مووسڵ بەمانای كۆتایی تیرۆر نایەت و شەڕی دژە تیرۆر پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی هەموولایەك هەیە.
باسكردنی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button