هەڵگورد جندیانی: جیم ئۆزان و شاسوار عەبدولواحید دوو چیرۆك و یەك ڕواڵەت

 

هەڵگورد جندیانی، چالاكوانی سیاسی، لە بارەی (شاسوار عەبدولواحید)ەوە، بابەتێك لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) لە ژێر ناونیشانی “دوو چیرۆك و یەك ڕواڵەت” بڵاو دەكاتەوە و نووسیویەتی: “حاڵەتی شاسوارعەبدولواحید لە زۆر شوێنی تری جیهاندا چەند بارە دەبێتەوە، بە جۆرێك بووەتە رواڵەتێكی جیهانیی، ئەوەش یەكێكە لەو چیرۆكە راستەقینانەی كە بەر لە 12 ساڵ لەتوركیای هاوسێمان ڕوویداوە”.

ئەو چالاكوانە، لە نووسینەكەیدا باس لەوە دەكات، كە لەكۆتایی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو لەتوركیا، لەپڕ گەنجێكی جوانی چاوشین هاتە مەیدانی كار و پارە و سەرمایەوە، ئەویش (جیم ئۆزان_ GIM UZAN) بوو، (ئۆزان) و خانەوادەكە بەچەند ساڵێك بوون بەخاوەنی گەورەترین كۆمكاری كۆمپانیاكان بەناوی (UZAN HOLDING) كە زنجیرە بانكێكی مەزن (ADA BANK) و هەروەها بوو بە خاوەنی دووەمین كۆمپانیای پەیوەندی مۆبایل (TELSIM GSM) ، دواتر لەگەڵ گەورە كۆمپانیای ئەمریكی (motorola) بەهاوبەشی بوون بە ڤۆداڤۆن و كارگەكانی فۆسفات و چیمەنتۆ و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و بونیادنانی بەنداو و پرۆژەی نیشتەجێبوون و هوتێل و هەوارگەی گەشتیاری، لەهەمووش گرنگتر ئۆزان خاوەنی دەزگای میدیایی (STAR) بوو كە بریتی بوون لەچەند زنجیرە تەلەفزیۆنێكی سەتەلایت و رادیۆ و رۆژنامەی star.

هەروەها نووسیویەتی: “ئۆزان بەم سەركەوتنە خێرایانەی نەوەستا و چڵێسی و ئیشتهای بۆ بوارێكی تر چوو، ئەویش دەسەڵاتی سیاسی بوو، چونكە هەردەم ترسی لەدەستدانی سامانەكەی هەبوو، كە هەمیشە سەرچاوەی زۆربوونی و كەلەكەبوونەكەی جێگای پرسیار و گومانی دەولەت و میدیا و رەكخراوەكانی كۆمەلگەی مەدەنی بوون”.

ڕوونی دەكاتەوە، كە ئۆزان لەكردارێكی سەیر و پیلانگێڕیدا دەستی بەسەر پارتی گەنج (Genç Parti) دا گرت و بوو بەسەرۆكی ئەم حزبە و لەهەڵبژاردنی گشتیی توركیادا بۆ ساڵی ٢٠٠٢ وەكو كیانیكی سیاسی بەناوی پارتی گەنج لەتوركیا هاتە مەیدانی ململانێی سیاسی و هەموو توانای دارایی خۆی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن رەخساند، كە هیچ پرۆژەیەك و روئیایەكی فكری و سیاسی نەبوو بۆ چارەسەركردنی رەوشی توركیا، تەنها ئەو رەخنە ئاگرینیانە نەبێت كە مەبەستی كاركردن لەسەر سۆز و عاتیفەی گەنجان بوو، ئەویش لەرێی وتار و خیتابە 10 خولەكییەكانییەوە لەناو جەرگەی شار و ناوچەكانی توركیادا، بۆ ئەوەش سوودی زۆری لە بەكارهێنانی میدیاكانییەوە بینی، كە لەهەر وتارێكیدا پێشتر بەشی هەموو میوانان و ئامادەبووان خواردنی خێرا ئامادەدەكراو باشترین و كاریگەرترین سترانبێژی گەنجانیشی بەكرێ دەگرت بۆ ئەو رۆژە، ئۆزان و حزبەكەی توانیان زیاتر لە سەدا حەوتی كۆی دەنگەكان بهێنێت، بەڵام لەبەر بەربەستی ٪١٠، (كە سیستمی هەڵبژاردنی توركیایە) حزبەكەی نەیتوانی بگاتە پەرلەمان.

هەڵگورد جندیانی، لە درێژەی باسەكەیدا، دەڵێت: “ئەوەندەی پێویستە لەكۆتایدا بیڵێم ئەوەیە كە (جیم ئۆزان) پاش هەڵبژاردنەكان بەماوەیەكی كەم لە توركیا و دەرەوەدا رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بووەوە، چونكە دەركەوت كۆمەڵێك فێڵی یاسایی بە ژیریی و زیرەكانە دژ بە حكوومەت و كۆمپانیا و سەرمایەدارانی تورك و بیانی ئەنجام دابوو، هەر ئەوەش بوو، كە بوو بە سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونە خێراكەی”.

وەك نووسەر دەڵێن: “ئۆزان و كۆمكاری كۆمپانیاكانی UZAN HOLDING زیاتر لەشەش ملیار یۆرۆیان كەوتە ئەستوو، بۆیە بەپێی بڕیاری دادگای باڵا، دەوڵەتی توركیا لەناوخۆی توركیا و جیهاندا دەستی بەسەر هەموو سامانەكەی داگرت و لەشەو و رۆژێكدا ئەم گەورە كۆمپانیایە داڕماو ئیفلاسی كرد، یەكێك لەو كۆمپانیا جیهانیانەی كە ئۆزان فێڵی لێكردبوو كۆمپانیای مۆتۆرێلای ئەمریكایی بوو، ئەمە جگە لەكۆمەڵێك فێڵ و سەختەكاری لە كۆمپانیا و سەرمایەدارانی تورك و ئەوروپی و عەرەب”.

بەو هۆیەوە، ئوزان و خانەوادەكەی تووشی بەدواداچوونی یاسایی بوون، بۆیە سەرەتا بەرەو جەزائیر هەڵاتن و دواتر لەفەڕەنسادا خۆیان وەكو پەنابەر دۆزیەوە، تاكو ئێستاش لەدادگاكانی توركیادا داواكراون بەتایبەتیش (هاكان)ی برای كە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكانی بوو، ئێستا (هاكان) ونبووە و شوێنی نادیارە.

هەڵگورد جندیانی، دەڵێت: “هەست دەكەم لەیەكچوونێك لەحاڵەتی (شاسوار) و (ئۆزان)دا هەیە، بەتایبەتیش هەردووكیان لەڕووی فكر و ڕووئیای سیاسیدا زۆر سادە و هەرزەكارن، هەروەها سەرچاوەی دەولەمەندبوون وسامانەكەشیان نادیارە، رەنگە لەئایندەیەكی نزیكدا كاتێك ئەم سەرچاوانەی (شاسوار عەبدولواحید) بەدیار دەكەون، لەگەڵیشیدا ئەو هێز و كەسایەتییە سیاسیانەش ئاشكرا دەبن كەلەپشتی پەردەوە بەرگری لێدەكەن، ئەوسا وێنە لەیەكچووەكەی شاسوار و ئۆزان دەبن بە كۆپییەكی 100% ی یەكتری و دوور نییە حیكایەتەكەی كاكە شاسواریش وەكو هاوشێوەی جیم ئۆزانی هەڵاتوو لەیاسا كۆتایی بێت ؟!”.

Back to top button