شاخەوان عەبدوڵڵا: كوشتن و ڕفاندن لە بەغدا بۆتە دیاردە
تەنها لەهەفتەی رابردوو یانزە حالەتی كوشتن و رفاندن لە بەغدا روویداوە, ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە بەغدا كوشتن و رفاندن بۆتە دیاردە و ھەڕەشەی بەردەوامیش لە كورد و پێكھاتەكانی دیكە دەكرێت.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، “رۆژی ھەینیی رابردوو، لە بەغدا بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە ناوی (سەباح زەنگەنە) بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەلایەن میلیشیاكانەوە رفێندرابوو و دوای ئازار و ئەشكەنجەدانێكی زۆر، ئازادیان كردووە و دەركەوت ھۆكاری رفاندنیشی ئەوەیە كە داوایان لێ كردووە پۆستەكەی جێ بێڵێت، لەبەر ئەوەی كوردە، ئەگەرنا دەیكوژن، بۆیە ھەڕەشە لە كورد دەكرێت و دەیانەوێ كورد لە بەغدا بێدەنگ بكەن و ھیچ رۆڵێكی نەبێت”.
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، “بەپێی ئامارێكیش كە لە بەردەستی ئێمەدایە، لە ساڵی ٢٠١٥ـدا لە بەغدا ٥٢٤ حاڵەتی رفاندن و ٨٧٥حاڵەتی كوشتن ھەبووە، هەروەها لە ساڵی رابردوودا ٣٥٤حاڵەتی رفاندن و ٥١٨حاڵەتی كوشتن ھەبووە و لە ئەمساڵیشدا ٢٠٠حاڵەتی رفاندن ھەبووە و نزیكەی ٢٠٠كەسیش كوژراون، كە تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا سێ كەسی دیكە رفێندراون و ھەر لەم مانگەیشدا نزیكەی ١٠٠حاڵەتی كوشتن و رفاندن ھەبووە، كە ئەمانەیش تەنیا ئەو حاڵەتانەن كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لێی ئاگادارن” .
ئەندامەكەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەشڵێ، ئەو دیاردەیە رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە، بە تایبەت لەسەر كورد و مەسیحی و پێكھاتەكانی دیكە، چونكە لەنێو ئەو ئامارانەی بڵاو كراونەتەوە، ژمارەیەكیان كوردن. (شاخەوان عەبدوڵڵا) زیاتر گوتی، “لە بەغدا بەشێك لە شیعەكان بە شێوەیەك خەڵكیان ھان داوە كە ھەڕەشە لە كورد بكەن، بۆیە وایان كردووە كە دەست بەسەر موڵك و ماڵی كورددا بگیرێت، لەبەر ئەوەی كوردەكانی بەغدا دەوڵەەمەندن و موڵك و ماڵی زۆریان ھەیە، بۆیە ئەوانیش ئەمانە بۆخۆیان دەكەنە بیانوو، بۆ ئەوەی ئەو كردەوانە لە دژی كورد ئەنجام بدرێن و، حكوومەتیش بێدەستەڵاتە”.