ڕووسیا هەلگرانی پاسۆرتی عێراق بەگێل دەزانێت

 

دوای ئەوەی گەشتیارێكی كورد بە پاسپۆڕتی عێراقیەوە چۆتە وڵاتی ڕوسیا و لە فڕۆكەخانەی domodedovo لە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا دابەزیوە، ئەو چیرۆكی خۆی بەمجۆرە گێڕایەوە, دەڵێت زۆرێك لە گەشتیارانی هەرێم ڕوبەڕووی كێشەیەك دەبنەوە لە فڕۆكەخانەكانی ڕووسیا كە پێویستە پێشوەختە هەموان لێی ئاگادار بن.

گەشتیارەكە هەر كە گەیشتۆتە فڕۆكەخانە و لە ڕیزی پشكنینی پاسپۆڕتدا دابەزیوە، پاش ئەوەی چۆتە سەرەی خۆی پۆلیسی سنور پاسپۆڕتەكەی لێوەرگرتووە و هەر كە زانویەتی پاسپۆڕتی عێراقییە تەلەفونی بۆ ئاسایشی فڕۆكەخانە كردووە، لە وێش بە بەرچاوی سەدان كەس لە نەتەوا جیاوازەكان و تەنها لەبەر ئەوەی عێراقییە، براوەتە هۆبەی ئاسایش، پاش چاوەڕوانیەكەی زۆر لە هۆبەكە كە نزیكەی ٢ كاتژمێری خایەندووە، دوو ئاسایشی ڕووسی هاتون بۆلای و پێیان وتووە كە دوایان بكەوێت بۆ ژوری لێكۆڵینەوە، یەكێك لە ئاسایشەكان زمانی ئینگلیزی زانیوە و ئەوەی دیكە هەر ڕووسی، كە ژورێكی بچوك بووە و تەنها مێز و كورسیەك و كامێرای چاودێری تێدا بووە، لە وێش گفتوگۆكە بەم جۆرە بووە:

– بۆچی هاتویت بۆ ڕوسیا؟

+ هاوڕێیەكم لێرە دەخوێنیت، هاتم سەردانی ئەو بكەم، جگە لەوەی وەك گەشتیاریش هاتووم.

– بەڵام تۆ ناتوانیت بچیتە ناو ڕوسیاوە، چونكە ئەم كۆمپانیایەی ڤیزەی داوە بە تۆ لە لیستی ڕەشدایە.

+ بەڵام من لە كونسوڵخانەی فەڕمی خۆتان ڤیزەكەم وەرگرتووە لە شاری هەولێر، شتی وا چۆن دەبێت، گەر وایە لەوێ بۆ ڤێزەیان پێدام.

– كاتێك ڤیزەت هەبێت مانای ئەوە نییە كە تۆ دەتوانیت بچیتە ڕوسیاوە، ئەوە لە سنوری فڕۆكەخانەوە لە لایەن ئێمەوە بڕیاری لێدەدرێت، كوا بزانین پارەت پێیە؟

+ بەڵێ (زیاتر لە ١٥٠٠ دۆلاریان نیشان دەدات كە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی).

– بەڵام تۆ كارت بە ڕوسیا چییە؟ نەكا بۆ ئافرەت هاتبیت؟

+ بۆچی ئافرەت! من هاوڕێیەكم لێرە دەخوێنێت و ئێستاش لە دەرەوە فڕۆكەخانە چاوەڕێمە.

– باشە بچۆ لە دەرەوە چاوەڕوان بكە.

گەشتیارە كوردەكە پاش ئەوەی نزیكەی كاتژمێرێكی دیكە چاوەڕوان دەكات، دواتر دوو ئاسایشەكە دێنەوە و بانگی دەكەنەوە بۆ هەمان ژوور:

– بەداخەوە تۆ ناتوانیت بچیتە ڕووسیاوە، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ.

+ بەڵام من پارەیەكی زۆرم بە ڤیزەكە داوە، جگە لە خەرجی فڕۆكە و چەندانی دیكە، شتی وا چۆن دەبێت.

– وەك وتم ئەو كۆمپانیایەی كە ڤیزی بە تۆ داوە لە لیستی ڕەشدایە (لە كۆمپانیایەكی بەناوبانگی گەشتیاری شاری سلێمانی ڤیزەكەی وەرگرتبوو).

+ واتە هیچ ڕێگەیەك نییە؟

– برادەرێكم هەیە ڕەنگە بتوانێت هاوكاریت بكات بەڵام دەبێت پارەی پێبدەیت.

+من تا ئێرە هاتوم گەر كێشەكە بە پارە چارەسەرببێت تازە ناگەڕێمەوە، كێە و دەبیت چەند بدەم؟

– باشە باڵام بەو مەرجەی ئەمە لای ئەو هاوڕێیەت و هەر كەسێكی دیكە باس نەكەیت كە لە ڕووسیا دەیبنینیت.

+ زۆر باشە خەمت نەبێت.

– نابێت كە گەڕاشیتەوە لای خێزان و هاوڕێكانی خۆشت باسی بكەیت.

+ باشە، تێگەیشتم!

(لێرەدا ئەو ئاسایشەی بە ئینگلیزی قسەی دەكرد لە ژورەكە چوە دەرەوە و تەنها ئەو كەسەیان مایەوە كە بە ڕووسی قسەی دەكرد)

+ بە زمانی ئاماژە لەسەر مۆبایلەكەی نوسی ٥٠٠$ (پێشتر لە گفتوگۆی یەكەمدا پارەكانیان تەماشا كردبوو)

– ئەو پارەیە زۆر زۆرە، با ٢٠٠ $ بێت (بە ئاماژە و نوسینی ژمارەكە).

+ باشە ٣٠٠$ بدە. (بە ئاماژە)

گەشتیارە كوردەكە ٣٠٠$ وەك بەرتیل دەدات بە ئاسایشەكان، دواتر پێی دەڵین كە چاوەڕوان بكەت، پاش نزیكەی كاتژمێرێكی دیكە یەكێك لە ئاسایشەكان (ئەو كەسە كە ئینگلیزی دەزانی) دەگەڕێتەوە لای گەشتیارەكەو پاسپۆڕتەكەی دەداتێ و پێی دەڵێت كە بچێت بۆ لای پۆلیسی پشكنینی پاسپۆڕت، پاش ئەوە مۆری چونەژورەوەی ڕوسیای بۆ لێدەدەن.

تێبینی: زۆرێك لەو هاوڵاتیە كوردانەی كە دەچنە ڕووسیا (جگە لەوانەی بانگێشتنامەیان لە لایەن نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمەوە هەیە) توشی هەمان دۆخ دەبن، بۆیە پیویستە پێشتر ئاگاداربن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پاسپۆڕتی عێراقی خراپترین پاسپۆڕتە لە جیهان و لە هیچكام لە فڕۆكەخانەكان ئەرزشی نییە و كەس بەرگریان لێناكات.

Back to top button