دڵشاد شەعبان: زیاتر لە 20 بلۆكی نەوتی ئامادەن بۆ وەبەرهێنان و 52 كۆمپانیای نەوتی لە هەرێم كاردەكەن
دوای ئەوەی داعش لە كوردستان وەدەر نرا دۆخی ئەو ناوچانەی كە كێلگەی نەوتین و نزیكن لە سنورەكانی شەڕ ئارامیان بۆگەڕایەوە, كۆمپانیا گەورەكانی بواری وەبەر هێنان روودەكەنەوە هەرێمی كوردستان, ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە لێژنەی پیشەسازی و وزە دەلێت:” زیاتر لە 20 بلۆكی نەوتی ئامادەن بۆ وەبەرهێنان”
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە ئێستادا زیاتر لە 20 بلۆكی نەوتی دیكە لە هەرێمی كوردستان ئامادەی وەبەرهێنانی نەوتن، زیاتر لە 52 كۆمپانیای نەوتیش بەردەوامن لە كارەكانیان.
ئەو پەرلەمانتارە لەلێدوانێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەو كۆمپانیایانەی لە كارەكانیان بەردەوامن، هەندێكیان دوو بلۆكی نەوتیان هەیە و هەندێكیشیان یەك بلۆكی هاوبەشیان هەیە، ئەوەشی گرنگە، لە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامن.
دڵشاد شەعبان باسی لەوەشكرد، كۆمپانیای تاقە لە سنوری ناحیەی ئەتروشی سەربە قەزای شێخان كارەكانی دۆزینەوەی نەوتی تەواوكردووە و ئێستا سەرقاڵی بەرهەمهێنانە، لە یەك دوو رۆژی داهاتوشدا دەست بە هەناردەكردنی نەوت بۆ نێو بۆری سەرەكی هەرێمی كوردستان دەكات كە رۆژانە زیاتر لە 30 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەبێت.
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لەدرێژەی لێدوانەكەیدا دەشڵێت “هەرێمی كوردستان لەتوانایدایە زیاتر لە 50%ی پێداویستی وزەی توركیا پڕبكاتەوە، ئەوەش بۆ توركیا و هەرێم گرنگە و هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەیەكی گرنگ دەزانێت لە دابینكردنی نەوت و گازدا، بۆیە پەیوەندییە ئابووریەكانی نێوان هەردوولا بەهێزتر دەكات”.