مەلا بەختیار: بەغدادیش ڕازی نەبێت ڕیفراندۆم لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە دەكرێت
دوای ئەوەی چەند جارێك هەڵویستی نیگەتیڤيان لە بارەی سازدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە بەر پرسانی بەغدا تا ئێستا هەڵویستی یەكلاكەرەوەیان نەداوە لە بارەی سازدانی ریفراندۆم لە كودستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم, لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، جەخت دەكاتەوە، كە ئەگەر بەغداش ڕازی نەبێت، ڕیفراندۆمی كوردستان لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا دەكرێت.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەرق)ی ئێرانی، ڕای گەیاند: “حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەسەردانەكەیدا بۆ تاران، نیگەرانی و دڵەڕاوكێی ئێرانییەكانی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە زیادكرد”.
جەختیشیكردەوە، كە دەبوو (ئێرانییەكان) لەگەڵ كورد لەو بارەیەوە گفتوگۆ بكەن.
مەلا بەختیار، گوتیشی: “شاندەكەی یەكێتی كە بەم دوواییانە سەردانی تارانی كرد، بۆ بەرپرسانی ئێرانی ڕوونكردەوە، كە ڕیفراندۆمی كوردستان بڕیارێكی هەمەلایەنەیە و، تایبەت نییە بە حزبێك یان تاكە كەسێك لە هەرێم”.
لەبارەی دۆخی كەركووك و پێكهێنانی هەرێمێكی تایبەت بەو پارێزگایە، مەلا بەختیار جەختیكردەوە، كە بەهیچ شێوەیەك لەو بارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، گفتوگۆیان نەكردووە.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بۆ ڕۆژنامە ئێرانییەكە، دووپاتیكردەوە، كە ڕیفراندۆمی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش دەكرێت، ئەگەر بەغداش ڕازی نەبێت.