هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ ی گۆڕان و ئومێدی ڕێککەوتنی نوێ .

 
بهمن کاك عبداللە
 
باڵی ڕیفۆرمی ناو یەکێتی دوای جیابوونەوەیان و دروستکردنی لیستی هەڵبژاردن و دواتر ناساندنی خۆیان وەك بزوتنەوەیەکی سیاسی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان ، هەر لەسەرەتا وە کۆمەڵێك گەنجی کەم تەجروبە و ناڕازی چونە ناو بڕیارەکانی ئەو بزوتنەوە و لە ئەنجامی توندی و هەڵەشەیی و بێ تەجروبەییان ، کۆمەڵێك کاری نەشیاویان لە گۆرەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
 
وەك لای هەمووان ئاشکرایە ئەو بزوتنەوەیە و بەتایبەتی تر باڵە گەنجە هەڵەشە و کەم تەجروبەکەیان لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆن بوون دا ، کۆمەڵێ کاری ئاژاوەگێڕی و توندرەوی و شەڕەبەرد و بارەگا سوتاندنیان خولقاند لەسەر بنەمای ئەوەی کەلەکاری ئۆپۆزسیون بوون دا هەمووشتێك ڕێگە پێدراوە ، بەڵام هەر ئەم کۆمەڵە خەلکە دواتر لە بەشدار بوون لە حکومەتیش لەسەر هەمان ئاراستە بەردەوام بوون بەتایبەتی لە پەرلەمان .
 
گەر تەماشایەکی سەرەتایی پێك هێنانی کابینەی هەشت بکەین کەلەسەر بنەمای تەوافوق پێکهێنرا لەنێوان پێنج لایەنە سەرەکیەکە ، زۆر بەڕوونی دەبینین ، وەزیرەکانی گۆڕان کەلە و باڵە هەڵەشە و توند رەوە نەبوون بەمەسئولیەت و دور لە هەڵسوکەوت و لێدوانی نابەرپرسانە کارەکانی خۆیان ڕادەپەڕاند ، و وەک شەریک و بەشداری راستەقینەی حکومەت هەڵسوکەوتیان دەکرد ، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانتارەکانیان بەخودی سەرۆکی پەرلەمانیشەوە بەبێ هەستکردن بەبەرپرسیاریتی بەهەمان نەمەتی ئۆپۆزسیون مامەڵەیانکرد و بۆ موزایدەی سیاسی دەستیانکرد بە فەوزاو تیکدان و سەرەنجام دۆخی کوردستان یان تیکدا لە کاتیکدا ئیمە لەشەڕدا بووین و هەڕەشەی داعشمان لەسەر بوو .
 
ئێستا و دوای هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ ی بزوتنەوەی گۆڕان ، کەبریتیە لە ڕیکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن ، دەتوانین بڵێین ، ئومیدی هێور بوونەوەی دۆخەکەو ئاسۆی چارەسەری کێشەکان بەئاراستەی یەکڕیزی نێوماڵی کورد هەیە ، چونکە خودی ڕیکخەری گشتی و تیکڕای ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن ، برتین لەشۆڕشگێڕەکانی دوینێ ، ئەوانەی کەڕەنجیان بۆ کوردستان داوە و ماندو بوون و قاڵ بووی ناو سیاسەت و ململانی سیاسی تەندروستن ، ئەمانە لە وتاری سەرەتای کاك عمری سەید علی دەردەکەویت کە هەست بەبەرپرسیارێتی و ناسکی دۆخی هەریم دەکەن ، لەگەل ئەمەش خەلکە هەڵەشە و فەوزەویەکان لە مەوقعی قەراری گۆڕان نەماون .
 
 
پارتی دیموکراتی کوردستانیش دوایی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ ی گۆڕان لە ئاستی سەرۆك و جێگری سەرۆك پیروزبایی خۆیان بەم دەستەیە راگەیاند ، هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلیمانی پارتیش بەسەرۆکایەتی شێخ ئەدهەم بارزانی سەردانی گۆڕانیان کردوە بەمەبەستی پیرۆزبایی و ئامادەیی بێ مەرج کاراکردنەوەی پەرلەمانیشیان دەربڕیوە ، بۆیە ئومیدی چارەسەری دۆخەکە دەکریت چونکە سەرکردایەتی نویی گۆڕان ، خەلکی بەرپرس و دورن لە خەلکە هەڵەشە و تێکدەرەکانی پێشوو .
Back to top button