میر داسن فاروق بەگ: ڕیفراندۆم لالش و شنگال پێكەوە دەبەستێت
پرسی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەكاتێكدا كە بڕیارە لە تەواوی سەرزەمینی كوردستان ئەنجام بدرێت, بووەتە مایەیی دڵخۆشی كوردانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیرداەی هەرێم, كەسایەتیی كوردی ئێزدی و یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی میری ئێزدییان دەڵێت، كوردانی ئێزدی لە كۆنەوە چاوەڕوانی ڕیفراندۆمن، چونكە گرەنتیی پارێزگاریكردنی ئیزدییانە لە كوردستاندا.
زۆربەی هەرەزۆری ناوچە ئێزدییەكان دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. ڕیفراندۆم چ گرینگییەكی بۆ ئێزدییان دەبێت؟ سەبارەت بەم پرسە، (میر داسن فاروق بەگ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ”دەنگدانی كوردانی ئێزدی بە ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی پێكەوەبەستنی لالش و شنگال، پێویستە كات بەفیرۆ نەدرێت و هیچ ڕێگرییەك نەكەوێتە پیش ئەم پرۆسەیەوە، گرینگە بۆ ئەوەی ناوچەكانمان بگەڕێنەوە باوەشی هەرێم، چونكە زیاتر لە ٩٠%ی ناوچەكانمان دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە.”
پێشتر و لە یادی ڕابردووی كارەساتی كوردانی ئێزدیدا لە شنگال، (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند: ”ئەوانەی دەستیان لە ڕفاندنی كچان و دایكانی كوردانی ئێزدیدا هەبوو، لە هەر جێیەكی دنیا بن، ئێمە لێیان خۆش نابین و دەبێ بە ڕێی یاساییدا بە سزای خۆیان بگەن.” (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دیار كردبوو: ”دەبێ ئێزدییان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، مافی هیچ لایەن و هێزێك نییە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئێزدییان بدات و خۆی بسەپێنیت بە سەر ئێزدییاندا.”
(میر داسن فارۆق بەگ) ئەوەیشی خستەڕوو: ”ڕێژەی دەنگدان بە ”بەڵێ” لە ناوچە ئێزدییەكاندا زۆر دەبێت، چونكە ئێزدییان ناتوانن لەگەڵ ئەو عەرەبانە بژین، كە دەستیان هەبوو لە تاوانی داعشدا و كوردانی ئێزدی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ٢٥ی ئەیلوولن، بۆ ئەوەی بە ”بەڵێ” دەنگ بدەن و ”بەڵێ” بۆ ڕیفراندۆم، واتە گەڕانەوەی خاكی ئێزدییان بۆ باوەشی كوردستان و پاراستنی ئێزدییان و نەمانی كارەسات بەسەر كوردانی ئێزدیدا.”