پەرلەمانتارێكی گۆران: ریفراندۆم دەستوورییە و هیچ مادەیەك نییە رێگە لە هەرێمی كوردستان بگرێت
لەگەڵ ئەوەی چەندجار لەسەر ئاستی عێراق بە شێوەی جیاجیا لێدوانی دژ بە ریفراندۆم دەدرێت و بە نادەستوری ناوی دەبەن, لە وەڵامدا ئەندام پەرلەمانێكی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت “ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەستوورییە و هیچ ماددەیەكی دەستووریی نییە رێگری لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم”.
مەسعود حەیدەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، كە بەم دواییانە وەك لیژنەیەكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەتەوەو پرسی ریفراندۆم و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایان لەگەڵ باسكردووە، لە لیدوانێكدا بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی توركیای راگەیاندووەو دەڵێت “سەرۆكوەزیرانی عێراق بە رەسمی لە لێدوانەكانیدا تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە لەگەڵ پرسی ریفراندۆم نییە و هەندێكجار ئاماژە بەوە دەكات ئەم بابەتە دەستووری نییە، بەڵام من پێچەوانەی بۆچوونەكەی ئەوم هەیە و پێم وایە بابەتی ریفراندۆم دەستوورییە و هیچ ماددەیەكی دەستووری نییە رێگری لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات تا ریفراندۆم ئەنجام بدەن”.
ئەندام پەرلەمانەكەی گۆران بە ئاژانسە توركییەكەی گوتووە “لەو دانیشتنەی هەفتەی رابردوودا جەخت كراوەتە كە پێویستە گفتوگۆ بكرێت و لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە باس لەوە كراوە كە بڕیاردراوە لەسەر دوو ئاستی جیاواز گفتوگۆ دەست پێبكرێت، یەكیان ئاستە حكوومییەكەیەتی لە نێوان هەردوو حكوومەتدا، ئەوەی تریان لەسەر ئاستی سیاسی لە نێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق. ئەو هەنگاوەش كارێكی زۆر باشە و هەنگاوێكە بە ئاراستەی دروست و راست و هەرێمی كوردستان پێویستی بەم جۆرە دیالۆگانە هەیە لەگەڵ عێراقدا”.