ئۆفیسەكانی كۆمیسیۆن لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە دەكرێنەوە

 

 

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر كردنەوەی چوار ئۆفیسی تایبەت بە كۆمیسیۆنەكە دەدرێت.

كاروان جەلال بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمیسیۆن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندوە “لەم هەفتەیەدا بڕیارە ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و بڕیار لەبارەی كردنەوەی چوار ئۆفیسی كۆمیسیۆن لە شاری كەركوك، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە بدات”.

بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی راشیگەیاندوە، دوای بڕیارەكە راستەوخۆ ئەو ئۆفیسانە دەستبەكار دەبن و دواتر دەستدەكەین بەكردنەوەی بنكەكانی تۆمار هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بۆ سەرپەرشتیكردنی ریفراندۆم لە رۆژی 25-9ی ئەمساڵ.

لەبارەی خەڵكی ئەو پارێزگایانەوە كە تائێستا ئاوارەن و لە پارێزگاكانی كوردستاندان، كاروان جەلال بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی گوتی “ئەو كەسانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، بەشێوەی ئاسایی وەكو هەر بنكەیەكی دیكەی دەنگدان ئامادەكارییان بۆ دەكەین و بنكەیان بۆ دەكەینەوە، بەڵام ئەو كەسانەی ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، دەبێت لە پارێزگاكان بەشێوەی كاتی بنكەیان بۆ بكەینەوە تا بەشداربن”.

Back to top button