بەشێك لە رێكخراوەكان: هیچ جۆرە مەترسییەك لەسەر گرانبوونی شمەك لەئارادا نییە
دوای ئەوەی چەند بازرگانێك بە مەبەستی ساغكردنەوەی كالاكانیان دەنگۆی گران بوونی نرخی شمەك و داخرانی دەروازە سنوریەكانیان بڵاو ردەوە بە بۆنەی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی, بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەنگۆی گرانبوونی شمەك رەتدەكەنەوە و دەڵێن هیچ جۆرە مەترسییەك لەسەر گرانبوونی شمەك لەبازاڕ لە ئارادا نییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە چالاكی مەدەنی لە پاركی نالی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەكیان بۆ دەنگۆی گرانبوونی نرخی شمەك لە بازاڕ سازكرد.
شكار حەمەئەمین، نوێنەری بەشێك لە رێكخراوەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە “پاش ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بڵاوبۆوە دڵەڕاوكێ لای بەشێكی خەڵك دروستبووە، ئەویش لە ئەنجامی مەترسی داخستنی سنورەوە هاتۆتە ئاراوە.
شكار حەمەئەمین گوتی: “ئێمە وەك بەشێك لە ریكخراو و چالاكی مەدەنی لە سلێمانی بە توندی ئیدانەی هەر هەوڵ و كارێك یان پیلانێك دەكەین كە ببیتەهۆی بارگرانی لەسەر ژیانی خەڵك و شێواندنی بازاڕ و مەترسی خستنەسەر ئاسایشی ئابوری و بڵاوكردنەوەی نائارامی و دڵەڕاوكێ”.
شكار حەمەئەمین دڵنیایی دایە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و گوتی: “هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە هیچ جۆرە مەترسییەك لەسەر گرانبوونی شمەك لە بازاڕ لەئارادا نییە.
گوتیشی: “پێویستە هاوڵاتیانیش بەرچاو روون بن لەهەر جۆرە پیلانێك، كارێكیش نەكەن ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ، چونكە دواجار ناسەقامگیری بازاڕی بەدوادا دێت”.
ناوبراو داوای لە لایەنی پەیوەندیدار و دەزگا ئیدارییەكانیش كرد رێگر بن لە هەر هەوڵ و رێگایەك كە ببێتە هۆكاری یاریكردن بە بازاڕەوە.
لە هەفتەی رابردووەوە دەنگۆی گرانبوونی شمەك لە بازاڕەكانی كوردستان دروستبووە، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ژوورەكانی بازرگانی و یەكێتی هاوردە و ناردنكاران ئەو دەنگۆیانەیان رەتكردەوە.