عەبادی: ئەو وڵاتانەی هاوكاریان كردین لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بوو

 

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جیهان سەرسامە بەو سەركەوتنەی لەبەرامبەر تیرۆر بەدەستیان هێناوە، وە ئەو وڵاتانەشی كە هاوكاریان كردوون، لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بووە.

ئەو وتانەی حەیدەر عەبادی لەمیانەی دەستپێكی خولی سێیەمی پەرلەمانی گەنجانی عێراق هات و رایگەیاند، بیری داعش زۆر مەترسیدارە لەبەرئەوەی توانی لە زیاتر لە 100 وڵات چەكدار و ئەندام راكێشێت بۆ ناو ریزەكانی و بەكارهێنانیان بۆ كارە تیرۆریستییەكان.

حەیدەر عەبادی راشیگەیاند، عێراق لەئێستادا لە كۆكردنەوە و رێكخستنەوەی خۆیدایە، بەڵام هەندێك لایەن دەیانەوێ‌ سەركەوتنەكان بۆخۆیان ببەن، تەئكیدیشیكردەوە: ئەو وڵاتانەی هاوكاریان كردوون لەشەڕی دژی داعش، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بووە، هەروەها ئەوانیش بەهەمانشێوە بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەبن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە بەشداریكردنی چەكدارانی هەردوو حەشدی شەعبی و عەشایەری لە ئۆپراسیۆنی رزگاركردنەوەی قەزای تەلەعفەر كردەوە.

وتیشی: ئێستا لەدوای رزگاركردنەوەی موسڵ، قەزای تەلەعفەر یەكێكە لەپێگە سەرەكییەكانی داعش، بەڵام پلانێكی بەهێزیان بۆ رزگاركردنەوەی ئەو قەزایە ئامادەكردووە كەتەواوی هێزە ئەمنییەكان و سوپاو هەردوو حەشدی شەعبی و عەشایەریش بەشداری لەو ئۆپراسیۆنە دەكەن.

Back to top button