دەیان كەس بێ دەوام مووچە و ئیمتیازی بەڕێوەبەری گشتی و شارەدێ وەردەگرن

پرسی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت بۆ رێكخستنەوەی رێژەی موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا هەنگاوی باشی بڕیوە, چەند زانیاریەكیش ئەوە دەر دەخەن كە زۆربەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و بەرپرسە كارگێڕییانەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لا دەبرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، دواتر بەهەمان ئیمتیازەوە دەخرێنە دیوانی پارێزگاكانی كوردستان.

خواكوڕك زانیویەتی كە بە سەتان بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی كارگێڕی لە شارەكانی كوردستان لە پۆستەكانیان لا دراون، بەڵام بەبێ ئەوەی ئیمتیازیان لێ وەربگیرێتەوە، دەخرێنەوە دیوانی پارێزگاكان.

ئێستە لیژنەی چاكسازیی كوردستان سەرقاڵی ئەو دۆسیەیەن و دەیەوێت میكانیزمێك لەوبارەیەوە بدۆزێتەوە، هاوكات لەمەودوا زۆربەی ئەو بەڕێوەبەرانەی دادەنرێن لە ڕێی سیڤییەوە دەبێت، ئەوەش بە بڕیاری لیژنەی چاكسازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە داهاتوو مەرجەكان بۆ ئەو پرسە دادەنێت.

بە رپرسێكیش لە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، راگەیاند، یەكێك لەو عورفانەی لە شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی درێژەی پێ دەدرێت، دروستكردنی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری شارۆكەی “معەوم” لە سنووری هەولێر و سلێمانی لە كاتی لادانی بەرپرسانی كارگێڕیی شارەكەدا ئەگەر پۆستی تری پێ نەدرێت، وەك فەرمانبەر لەناو دیوانی پارێزگاكان دەمێنێتەوە كە پێیان دەگوترێت “معەوم”.

غازی عەلی ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتوشیەتی ، “ئەو كەسانەی لا دەدرێن و دواتر وەك فەرمانبەر دەخرێنەوە دیوانی پارێزگاكان، مووچە و ئیمتیازیان لێ وەرناگیرێتەوە و وەك سەردەمی پۆستەكانیان مامەڵە دەكەن”.

ئاماژەی دا، “وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای چارەسەری ئەو كێشەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كردووە، بەڵام تا ئێستە وەڵام نەدراوەتەوە و رەنگە ئێستە ئەوانەی وەك (معەوم) هەن زیاتر بن لەوانەی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری شارۆكە و شارەدێیەكان بە كرداری بەڕێوە دەبەن”.

غازی عەلی رەتی كردەوە كە ئەو كارە بە یاسا رێك خرابێت و ئاماژەی بەوە كرد، ئەو “معەوم”ـانە رەنگە چەند رۆژێك لە مانگێكدا دەوام بكەن و هیچ ئەركێكی تریان پێ نەسپێردراوە.

 

Back to top button