بارزانی لەگەڵ بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوری كوردستان كۆبوویەوە
لە درێژەی ئەو زنجیرە دیدارو چاو پێككەوتنانەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسایەتی سیاسی و پارت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان سازدی داوە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی ئاشوری كوردستان كۆبویەوە لە میانەیەوەی رایگەیاندووە كە:” رەچاوكردنی ماف و داواكارییەكانی هاووڵاتییە كریستیانەكان پرەنسیپێكی جێگیری ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستانە:”
ماڵپەری فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە كە رۆژی سێشەممە (1ـ8ـ 2017) لەسەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یونادم یوسف كەنا سكرتێری بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوری و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری.
لە دیدارەكەدا شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسیەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی تاوتوێ كرا.
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە كە لەو دیدارەدا شاندی میوان قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بەرز نرخاند و جەختیان لەوە كردەوە كە كریستیانەكان خۆیان بە هاوچارەنووسی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان دەزانن، چونكە تەنیا لە كوردستان رەچاوی ماف و تایبەتمەندییەكانی پێكهاتەكان دەكرێت و دەپارێزرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا رۆشنایی خستەسەر مێژووی ژیانی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو هۆكارانەی باس كرد، كە هانی گەلی كوردستان دەدات بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت، ئەوەیشی دووپاتكردەوە رەچاوكردنی ماف و داواكارییەكانی خوشك و برا كریستیانەكان پرەنسیپێكی جێگیری ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستانە و داوایشی كرد كە پارتە كریستیانەكانی كوردستان لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوە و بە هاوبەشی لەسەر داواكاریی و تێبینییەكانی خوشك و برا كریستیانەكان بگەنە ئەنجامێك و بیخەنەڕوو.