بارزانی پرۆژەی یەكخستنەوەی پێشمەرگەی پەسەند كرد

پرۆژەی یەكسختنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان, كە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە, لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەسەندكراوە, بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس لە گرنگی پڕۆژەكەدەكات.

عەمید ڕوكن ھەژار عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەیەوە رایگەیاندووە, بەھاوكاری لێژنەیەكی شارەزا لە وەزارەت و ڕاوێژكارانی ئەمریكی، ئەڵمانی و بەریتانی، پڕۆژەیەكیان بۆ ڕێكخستن و پێداچوونەوە بە ھەیكەل و ژیانی پێشمەرگەدا ئامادە كرد.
عەمید روكن هەژار عومەر هەروەها رای گەیاند، كە ئەنجومەن وەزیرانی كوردستان پرۆژەكەی پەسەند كرد و هەفتەی رابردووش مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان پرۆژەكەی پەسەند كرد.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش كرد، كە وەزارەت پێویستی بە چەند گۆڕانكارییەك هەیە و چاوەڕێ دەكەن لەم هەفتەیەدا پرۆژەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەروەك عەمید روكن ھەژار عومەر رای گەیاند، لەم هەفتەیەدا وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا خولێك بۆ ژمارەیەك ئەفسەری وەزارەت دەكاتەوە و راهێنانیان پێ دەكرێت، كە دواتر ئەو ئەفسەرانە لە بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی وەزارەت دادەمەزرێن و ”پرۆژەكە بە تەواوی“ جێبەجێ دەكەن.

Back to top button