53 گیراوی سیاسی لە رەجایی شاری كەرەج مانیان گرتووە

 

پرسی زیندانی سیاسی بە كۆمەڵ بە تۆمەتی جیاواز لە بیرو رای سیاسی‌و كوردبوون لە رۆژهەلاتی كوردستان خراونەتەوە زیندانەكان لە كاتێكدا ئێستا 53 گیراوی سیاسی و مەزهەبی گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج كە زۆربەیان كوردن، دژ بە گۆڕینی شوێنی مانەوەیان مانیان لە خواردن گرتووە. بەرپرسانی گرتووخانەكەش هەڕەشەی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی دوو بەندكراوی سیاسی كورد دەكەن، ئەگەر كۆتایی بە مانگرتنەكەیان نەهێنن.

 

بەپێی زانیاری ناوەندەكانی مافی مرۆڤ، پێنج لە گیراوانی مانگرتوو بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

بەپێی دوایین گرتەی ڤیدیۆیی گیراوانی سیاسی و مەزهەبی گرتووخانەی رەجایی، پێش گواستنەوەیان بۆ بەندێكی دیكە و لێدانیان لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە، تێیدا زانیار مرادی گیراوی سیاسی كورد دەبیندرێت كە ئامێری تەنبووری پێیە و بەهیوای پێداچوونەوە بە سزاكەی خەریكە میوزیك دەژەنێت.

كۆمەڵەی چالاكڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممە هێزێكی تایبەت هەڵیكووتاوەتە سەر بەندی گیراوانی سیاسی لە گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج، دوای لێدان و ئەشكەنجەدان بۆ زیندانێكی دیكەیان گواستوونەتەوە، 53 گیراوای مەزهەبی و سیاسی ئەو گرتووخانەیە وەك ناڕەزایەتی دەستیان بە مانگرتن كردووە و داوایان كردووە كە بگەڕێننەوە بۆ شوێنی پێشوویان.

كۆمەڵەی چالاكڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران راشیگەیاندووە،: بەشێكی بەرچاو لە مانگرتووانی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن.

بەپێی زانیارییەكان بەرپرسانی گرتووخانە هەڕەشەی لەسێدارەدانی “لوقمان و زانیار موراد”یان كردووە ئەگەر بێتو كۆتایی بە مانگرتنەكەیان نەهێنن.

بەپێی یاسای رێكخراوی بەندیخانەكانی ئێران پێویستە گیراوان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو تاوانەی ئەنجامیانداوە، مافی یاسایی وەك یەكیان هەبێت. هەروەها پێویستە گیراوان بەپێی تۆمەتەكانیان لەنێو بەندكاندا دابەش بكرێن. بەڵام گیراوانی سیاسی دەڵێن، ئەو یاسایە لە گرتووخانەكانی ئێران جێبەجێ ناكرێت. بەشێك لە گیراوانی سیاسی لە كۆمەڵێك لە مافەكانیان وەك چاوپێكەوتن و مۆڵەت وەرگرتن بێبەش كراون و لە گرتووخانەكانیشدا لەگەڵ گیراوە مەترسیدارەكانی دیكە رادەگیرێن.

لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان 217 هەزار كەس بە تۆمەتی جیاواز لە گرتووخانەكاندا دەستگیركراون.

ئامارێكی فەرمی لەبارەی گیراوانی سیاسی و مەزهەبی لە گرتووخانەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان نییە بەڵام بەپێی زانیارییەكان لەنێوان 700 بۆ 1500 كەس بە تۆمەتی چالاكی مەزهەبی و سیاسی لە گرتووخانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رادەگیرێن، كە زیاتر لە نیوەیان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن. هەروەها نزیكەی 44%ی گیراوەكان بە تۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، كە لەو رێژەیە 5300 كەسیان چاوەڕێی پەسەندكردنی یاسای كەمكردنەوەی سزای لە سێدارەدان دەكەن بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر تاوەكو سزای لەسێدارەدانەكەیان بۆ گیرانی درێژخایەن كەمبكرێتەوە.

Back to top button