بەغدا بەبێ رەزامەندی كەركووك “ناتوانێ رێككەوتن لەگەڵ ئێران جێبەجێ بكات”
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران رێككەوتننامەیەكیان لە بارەی نەوتی كەركووك و هەناردە كردنی بۆ بەندەری عەباس واژۆكرد, سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، حكومەتی فیدراڵی بەبێ هاوئاهەنگی و رێككەوتن لەگەڵ ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناتوانێ ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكات.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەبارەی ئاگاداركردنەوەی ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگاكە بۆ ئەو رێككەوتنەی بەغدا و تاران بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك واژۆیان كردووە، رایگەیاند “بەغدا بەردەوام ئەم جۆرە رێككەوتنانە دەكات بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئەو پارێزگایەی نەوتی لێ بەرهەمدەهێندرێت، كە ئەوەش پێچەوانەی ماددە 112ی دەستوورە”.
رێبوار تاڵەبانی دەڵێت “بەداخەوە چەند ئەزموونێكمان هەیە و بەغدا چەند رێككەوتنێكی ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی ئێمە وەكو ئەنجوومەن و وەكو ئیدارە ئاگادار بكاتەوە، بەڵام ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر و دەبێت بەپێچەوانەی دەستوور كار نەكەن”.
تاڵەبانی دەشڵێت “بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناتوانن ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكەن، چونكە لە سنووری ئیداری ئێمەیە، بەستنەوەی بۆری بە هیچ دەوڵەتێكەوە ناكرێت بەبێ رەزامەندی كەركووك، چونكە كێڵگە نەوتییەكان لە كەركووكن”.
لە بەندی چوارەمی دەستووری عێراق، بوارەكانی دەسەڵاتی فیدراڵی لە ماددەی 112 لە بڕگەی دووەم هاتووە “حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگا بەرهەمهێنەكان بە یەكەوە هەڵدەستن بە رەنگڕێژكردنی سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و گاز، بەجۆرێك كە ببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوود و كەڵك بۆ گەلی عێراق ئەویش بەپشتبەستن بەنوێترین تەكنیكی بنەماكانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان”.
عێراق و ئێران بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەسەر دروستكردنی لیژنەیەكی هاوبەش رێككەوتوون، ئەوەش دوای سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئێران.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەزاری، عەبدولجەبار جەبار لعێبی، وەزیری نەوتەوە بڵاوی كردەوە، لەگەڵ ئێران لەسەر دروستكردنی لیژنەی هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك بۆ پاڵاوگەكانی ئێران رێككەوتوون، ئەوەش لەڕێگەی ئەو تۆڕە بۆرییەی بۆ ئەو مەبەستە دروستدەكرێت.
دوای رێككەوتنی عێراق و ئێران لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، كارەكانی رێككەوتنەكە لە چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.