ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك سكاڵا لەسەر مالیكی و عەبادی تۆمار دەكات
ئەگەر چی بڕیار بوو ماددەی 140 لە دەستوری عێراق كە پەیوەستە بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە سێ قۆناغی جیاواز جێبەجێ بكرێت, بەڵام حكومەتی عێراق بە بێ هیچ پاساوبَك ماددەی ١٤٠یان جێبەجێ نەكردووە، ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری داوە سكاڵا لەسەر سەرۆكوەزیرانی ئێستا و پێشووی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەكات.
لە دەستووری عێراقدا ماددەی١٤٠ ھاتووە، كە پێویستە چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی ھەرێمی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە، ئەمەش لە ڕێی سێ قۆناغەوە، ئەوانیش قەرەبووكردنەوە و ئاساییكردنەوە و ئەنجامدانی ڕاپرسی، بەڵام ئەوە ماوەی ١٠ ساڵ بەسەر ئەو ماددەیەدا تێپەر دەبێت و تا ئێستا حكوومەتی عێراق ھەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە نەناوە، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری تۆماركردنی سكاڵای لەسەر حكوومەتی عێراق داوە.
لەم بارەیەوە، (كاروان عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندوه: ”پێویست بوو پێش ١٠ ساڵ ماددەی ١٤٠، كە ماددەیەكی دەستوورییە جێبەجێ بكرێت، بەڵام حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق لەوكاتەوە تا ئێستا جێبەجێیان نەكردووە و ھەنگاویشیان بۆ نەناوە، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری داوە، سكاڵا لەسەر سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، (نوری مالیكی) و سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق (حەیدەر عەبادی) تۆمار بكات.”
(كاروان عوسمان) گوتی: ”بڕیار وایە لە ڕێی سەندیكای پارێزەرانی كەركووكەوە سكاڵاكە لە دادگای فیدراڵی تۆمار بكرێت، بۆ ئەومەبەستەش ئەوان ڕاسپێردراون، بەڵام تا ئێستا تۆماریان نەكردووە و لە ماوەیەكی نیزیكدا تۆمار دەكرێت.”
(كاروان عوسمان) گوتیشی: ”ھۆكاری تۆماركردنی ئەو سكاڵایەش لەسەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە تا ئێستا بەبێ بیانوو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەكراوە.”
ئەمەش لە كاتێكدایە، بەھۆی جێبەجێنەكردنی ماددەی١٤٠ لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش بگرێتەوە، كە بڕیارە ٢٥/٩ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.