مه‌سعود بارزانی:گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ ژیان و شەراكەت لەگەڵ عێراق تاقی كردووەتەوە

به‌پێی راگه‌یاندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ رۆژی چوارشەممە 2ـی 8ـی 2017 بڵاوكردۆته‌وه‌،  مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕابیتەی ئیسلامیی جیهانی كرد و له‌ دیداره‌كه‌دا، بارزانی رایگه‌یاند” باسی مێژووی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق كرد و ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت و ڕایشیگەیاند گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ ژیان و شەراكەت لەگەڵ عێراق تاقی كردووەتەوە”.
هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، هاتووه‌،  لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتەكان و فرەیی ئایینی و فكریی كوردستانیان كرد. ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە زۆر چاك لە ڕەوایەتیی داواكارییەكانی گەلی كوردستان و ئەو نەهامەتیانە دەگەن كە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە و هیوای ئەوەیان خواست كە لەژێر سەركردایەتیی و حیكمەتی سەرۆك بارزانی گەلی كوردستان بگاتە كەناری ئارام و سەقامگیری.
 
شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەبوو كە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویان كردووە و لە شەڕی داعش و خەباتی دژی ستەمكاران قوربانی زۆری داوە و كۆڵی نەداوە.
 
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی مێژووی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق كرد و ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت و ڕایشیگەیاند گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ ژیان و شەراكەت لەگەڵ عێراق تاقی كردووەتەوە و حكوومەتەكانی عێراق لە تێكدانی شەراكەت و لەو بارودۆخە بەرپرسیارن كە بەسەر پێكهاتەكانی عێراقدا هاتووە، لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر و هزری تاییفەگەری لەسەر سەقامگیری و پێكەوەژیان ئاڵوگۆڕ كرا.
 
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامیی كوردستان ئامادە بوو.
Back to top button