بزانە بارزانی لەسەر مووچەی مامۆستایان چی دەكات
خواكوڕك
لە هەواڵێكدا كە لەماڵپەری فهرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، بارزانی لەگەڵ سەرۆك و مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبۆتهوە. لە كۆبوونەوەكەدا گرفتەكانی مامۆستایان باسكراوە و بارزانی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ مامۆستایان نیشانداوه و ڕایگەیاندووه، هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە و چارەسەركردنی گرفتەكانی مامۆستایان چڕ دەكاتەوە.
ڕۆژی یەكشەممە 21ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبۆوە. وەك لە هەواڵەكەی ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاتوە، لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لە سەرۆك بارزانی كرد و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە سەكردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە هەبوو لە تێكشكاندنی تیرۆر و پاراستنی وڵات. هەروەها وێڕای جەختكردنەوە لە هەڵوێستی خۆیان كە بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن گرفتی بۆ دروست نەبێت، باسیان لە كێشە و گرفتەكانی مامۆستایان و باری دارایی و گوزەرانی خراپی چینی مامۆستایان كرد. داواشیان لە سەرۆك بارزانی كرد چارەسەرێك بۆ بارودۆخی مامۆستایان و گرفتی مووچەیان بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی لە ئەرك و كارەكانیاندا بەردەوام بن.
پەیوەست بە كێشە و گرفتەكانی مامۆستایان سەرۆك بارزانی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ مامۆستایان نیشاندا و ڕایگەیاند هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە و چارەسەركردنی گرفتەكانی مامۆستایان چڕ دەكاتەوە.