محەمەد ئیحسان: پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ریفراندۆم هەیە
پرسی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان كە لە ئێستادا لەسەر بوونی پشتگری نێودەوڵەتی خوێندنەوەی جیاوازی لەبارەوە دەكرێت, سەرۆكی پێشووی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “بەغدا قبووڵی بێت یان قبووڵی نەبێت، ریفراندۆم هەر ئەنجام دەدرێت، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەكە، هەڵوێستی بەغداش گۆڕانكاری بەسەردا دێت”.
محەمەد ئیحسان سەرۆكی پێشووی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی ئاماژەی بەوە داوە كە لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم مافێكی سروشتیی هاووڵاتییانی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، هەرێمی كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پشتگیری و هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە، هیچ وڵاتێك نییە دژ بە پڕۆسەیەكی دیموكراسی بێت كە خەڵك بڕیاری خۆی بدات.
ئیحسان گوتی “ئەو وڵاتانەی دژ بە ریفراندۆمی هەرێمیش بن دیارە باوەڕیان بە مافی خەڵك و دیموكراسی نییە لە وڵاتی خۆیان و لە دەرەوەی وڵاتەكەیان، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە ئەو مافە بە دەست بهێنین، دواتر وڵاتانی زلهێزی جیهانیش هەڵوێستی خۆیان دەبێت”.
محەمەد ئیحسان دووپاتی كردەوە كە ریفراندۆم لە هەموو ئەو ناوچانە كوردستانییەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام دەدرێت كە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان و هەندێك ناوچەش هەن، ئەگەر ریفراندۆمیشیان تێدا ئەنجام نەدرێت وەك خاكی هەرێمی كوردستان هەر دەمێننەوە. لە ریفراندۆمیش ئەگەر خەڵكی ئەو ناوچانە دەنگیان بە بەڵێ دا و ویستیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بمێننەوە، ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەكەین، ئەگەر خەڵكیش دەنگی نەدا رێز لە بڕیاری خەڵكی ئەو ناوچانە دەگرین”.
لە بارەی هەڵوێستی توركیاشەوە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەرۆكی پێشووی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گوتی “ئێمە توركیا وەك وڵاتێكی دراوسێی ستراتیجی دەبینین، ئەگەر ئەوان بۆچوونیان جیاواز بێت لەگەڵ ئێمە، بەڵام ئێمە توركیا دڵنیا دەكەینەوە كە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی توركیا و وڵاتانی ناوچەكەدایە، ئەم گفتوگۆیانەمان لەگەڵ توركیا بەردەوامی دەبێت، چونكە بە راستی بۆچوونێكی وا هەیە، ئێمەش رێگە نادەین سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی توركیا و وڵاتانی دراوسێ”.