بارزانی:بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجێ دەكرێ و پاشگەزبوونەوە لێی نییە
ڕۆژی پێنجشەممە 3ـی 8ـی 2017 سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان له راگهیاندراوێكی دا رایگهیاند” له سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو سیسێڵ برێی باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، له دیدارهكهدا رایگهیاند” یەكگرتنی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ئارزوومەندانە بووە ئەویش بە مەرجی جێبەجێكردنی شەراكەت و بنەماكانی دەستوور و سەرباری ئەوەی گەلی كوردستان جینۆساید كرا و نەهامەتی بەسەردا سەپێندرا، لە قۆناغی دوای 2003 شەراكەت و تەوافوق و دەستوور پێشێل كرا و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شكستخواردووی ڕابردوو گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە.
ههر لهراگهیاندراوهكهی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستاندا هاتووه” لە دیدارەكەدا باڵیۆزی نەورویج لە عێراق كە بە بۆنەی كۆتایهاتنی بە ئەركەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە بە سینگفراوانییەوە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماوی كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی پێگەیەكی تایبەتی هەیە و وڵاتەكەی خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەكانە لە كاروباری مرۆیی و ئابووری. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی لە نیگەرانییەكانی وڵاتەكەی كرد لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە. پەیوەست بە بڕیاری ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان باڵیۆزی نەورویج لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە نەرویج بە تەواوەتی لە داواكاری و مێژوو و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان دەگات و هیوایشی خواست كە بە دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا سەقامگیری بێتە ئاراوە و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بە تایبەت لە بواری هاوكاریی مرۆیی.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نەورویج لە عێراق خواست بۆ ئەرك و كارەكانی و سوپاسی هاوكارییەكانی وڵاتی نەرویجی كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ نەرویج ڕاگەیاند”،لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی داعش و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و ڕایگەیاند ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی گەشەی داعش هێشتا ماون، بۆیە مەترسیی سەرهەڵدانی دیاردەی هاوشێوەی داعش لە ئارا دایە و ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی نیازپاكانەی هەمەلایەنە پێویستە و لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە شەڕی هزری و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی تیرۆریش بكرێت.
لەبارەی ڕیفراندۆم و مافەكانی گەلی كوردستان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە یەكگرتنی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ئارزوومەندانە بووە ئەویش بە مەرجی جێبەجێكردنی شەراكەت و بنەماكانی دەستوور و سەرباری ئەوەی گەلی كوردستان جینۆساید كرا و نەهامەتی بەسەردا سەپێندرا، لە قۆناغی دوای 2003 شەراكەت و تەوافوق و دەستوور پێشێل كرا و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شكستخواردووی ڕابردوو گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە پێویستە جیهان ئاگاداری ویست و ئیرادەی گەلی كوردستان بێت. بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجێ دەكرێ و پاشگەزبوونەوە لێی نییە. ئەوە مافێكی سرووشتی و ئاسایی گەلەكەمانە و تەنیا گەلی كوردستانیش بڕیار دەدات كە چ كاتێك گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم نەك خەڵكی تر.