بارزانی چی بۆ سه‌رنووسه‌ری چه‌ند رۆژنامهیهكهی كوێتی باس كردووه
بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە نابێ وڵاتانی دەوروبەرمان ترسیان لە ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان هەبێت چونکە بە درێژایی ٢٦ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە هۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا و دوای ڕیفراندۆمیش پەیوەندیی ئابووری و سیاسییمان لەگەڵیان بەهێزتر دەبێت.
ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا هات کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣ـی٨ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرنووسەرانی چەند ڕۆژنامەیەکی کوێتی ئەنجامی دا.
لە دیدارەكەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە درێژی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات و لەوبارەیەوە ئاماژەی بە دوو قۆناخ لە مێژووی پەیوەندیی گەلی کوردستان و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق. قۆناغى يه‌كه‌ميان له ١٩٢٠ تا ٢٠٠٣ و قۆناغى دووه‌ميش له ٢٠٠٣ـوە تا ئه‌مڕۆ. لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند:
له هه‌ردوو قۆناخه‌كه‌دا بڕيار بوو ئێمه هاوبه‌ش بين، به‌ڵام پشكى ئێمه له‌و هاوبهشييهدا ئه‌وه بوو، كه ٤٥٠٠ گوندى ئێمه‌يان وێران كرد، ١٨٢ هه‌زار كه‌سى ئێمه‌يان ئه‌نفال كرد كه زۆربه‌يان ژن و منداڵ بوون، كيميابارانى هه‌ڵه‌بجه تا زاخۆ، ١٢ هه‌زار گه‌نجى فه‌يلى له تەمەنی ١٨ تا ٣٠ ساڵى و هه‌شت هه‌زار بارزانى، له هه‌ردوو قۆناغدا ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەو هه‌موو كاره‌ساته، ئێمه ئاماده‌بووين بچينه‌وه به‌غدا و لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێ هه‌ڵده‌ينه‌وه و به‌يه‌كه‌وه به برايه‌تى و ديموكراتى بژين، بەڵام ئەوان ئێمەیان وەک هاوبەش قبووڵ نەبوو.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە قۆناخی دوای ٢٠٠٣ کرد و گوتی: لە قۆناغى دووه‌ميشدا ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان رۆڵێكى سه‌ره‌كيمان له داڕشتن و پەسندکردنی ده‌ستوورى نوێ‌دا بينى، به‌ڵام ئەوان دەستووریان پێشێل کرد و دواتریش بە نانبڕینی خەڵکی کوردستان تاوانێکی گەوەرەیان ئەنجام دا، کەچی ئێستا دێن باسی دەستوور دەکەن و دەڵێن ڕیفراندۆمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو دەستوورەی ئەوان پێشێلیان کرد، هەر ئەو دەستوورە ڕێگەی بە خەڵکی کوردستان داوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: هیچ گەلێک ناگاتە ئامانجەکانی ئەگەر خۆی داوای نەکات، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش بڕیاری گەلی کوردستانە و گەل لە سەرووی حزبەکانەوەیە و لە ژێر هیچ گوشارێکیشدا دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی نابێت و لەو بڕیارە پاشەکشێ ناکات.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئەزموونی ڕابردوومان سەلماندوویەتی کە حکوومەتەکانی عێراق گەلی کوردستانیان وەک هاوبەش قبوڵ نییە و گەلی کوردستانیش ژێردەستەیی و پاشکۆیەتی قبوڵ نییە. ئێستا کە شەراکەتی ڕاستەقینە دروست نەکرا، با ببینە دوو دراوسێی باش و ڕێگە لە دروستبوونی کێشەی گەورەتر بگرین. لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مەترسی و کێشە نییە، بەڵکوو مانەوەی ئەم دۆخە مایەی مەترسییە و ڕیفراندۆمیش بۆ پاراستنی گەلەکەمانە لە دووبارەبوونەوەی کارەسات و نەهامەتی لە داهاتوودا.
سەبارەت بە نیگەرانیی هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەکەیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نابێ وڵاتانی دەوروبەرمان ترسیان لە ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان هەبێت چونکە بە درێژایی ٢٦ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە هۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا و دوای ڕیفراندۆمیش پەیوەندیی ئابووری و سیاسییمان لەگەڵیان بەهێزتر دەبێت.