فراكسیۆنی پارتی داوایەك ئاراستەی لایەنەكانی هەرێم دەكات
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان داوایەك ئاراستەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات, راشیگەیاند پشتگیری ئەو هەوڵانە دەكەن، كە بۆ كاراركردنەوەی پەرلەمان دەدرێت.
ئەو هەڵوێستەی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات، ئەمڕۆ شەممە لەمیانی راگەیەنراوێك بووە، كە تێدا هاتووە “لەكاتێكدا كوردستان بەرەو قۆناغێكی هەستیار هەنگاو دەنێتو گەلی كوردستان بۆ یەكەمین جار لەمێژووی خۆی بەئازادی پیادەی مافی چارەی خۆنووسین دەكات لەرێگای راپرسییەكی گشتی، ئەمەش ئاواتی لەمێژینەی گەلەكەمانەو بەرهەمی خوێنی شەهیدانو خۆراگری پێشمەرگە قارەمانەكانە”.
هەروەها لەراگەیەنراوەكە هاتووە، “بۆیە ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر یەكڕیزیو تەبایی هێزە سیاسیەكان پێویستەو دەبێت ناكۆكیو جیاوازیەكان وەلا بنرێتو لەچوار چێوەی ستراتیژێكی نیشتمانی سەرووی بەرژەوەندی حیزبیو سیاسی، خۆمان رێكخەینەوە”.
هەروەها لە بەییاننامەكەدا هاتووە “ئێمە لەفراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان پێشوازی لەهەوڵەكانی دەست بەكاركردنەوەی پەرلەمانو چارەسەركردنی كێشە یاساییو سیاسییەكان دەكەینو هیواخوازین لەچوارچێوەی تەوافقو سازانی سیاسی سەرجەم كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن”.
فراكسیۆنی پارتی لە كۆتایدا رایگەیاندوو “پەرلەمانی كوردستانیش لە زووترین كات دەست بەكۆبوونەوەكانی بكاتەوەو پاڵپشتی ریفراندۆمو ژیانو گوزەرانو موچەی خەڵكی كوردستانو چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەپێشینەی بەرنامەی كار دابێتو هەموومان بەیەكەوە لەم ماوە كورتەی لەبەردەستمان ماوە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بكەینە ئامانجو بەیەكەوەش خۆمان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانو سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەبكەین”.