یەكێتی: ئەگەر گۆڕانیش نەیەتە پێشەوە دەبێت چارەیەك لە پەرلەمان بكرێت
پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كە لە ئێستادا زۆرترین قسەی لە بارەوە دەكرێت بە تایبەت دوای ئەو دەست پێشخەریەیی پارتی كە رازی بوو بە كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان, گوتەبێژی فەرمیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای گەیاند، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕانیش لە گفتوگۆكانی تایبەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەدەنگەوەهاتنی نەبێت، ئەوا ”دەبێ چارەیەك لە پەرلەمانی كوردستان بكرێت“.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیاند، هەوڵەكان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان لەو وادەیەی دیاری كراوە، بەردەوامە و كار لەسەر ئەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كۆببنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتی هەوڵی سەرگرتنی كۆبوونەوەكە دەدات.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە پێویستە پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە. گوتیشی: ”ئەگەر لایەنەكان بەیەكەوە دابنیشن، پارتی و گۆڕان كۆببنەوە و هەموو لایەك ڕازی ببن، كاراكردنەوەی پەرلەمان كەمتر لە 24 كاتژمێری دەوێت، چونكە بابەتی ئاساییكردنەوەی پەرلەمان جێگیر بووە، بەڵام دەبێ لایەنەكان پێكەوە دابنیشن و ڕێك بكەون، ئەگینا چ سوودێكی هەیە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و بۆ چوارگۆشەی یەكەم بگەڕێینەوە؟“.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتەبێژی فەرمیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبارەی كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران ڕای گەیاند: ”ئێمە نوێنەری خەڵكین نەك نوێنەری حكوومەت، بەڵام دەبێ لەگەڵ دامەزراوەكانی دارایی لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەین، هەروەها ئەوانەی سەرپەرشتیی بازرگانی و بزنس لەم هەرێمە دەكەن، تا بزانین ئامارەكان چەندە ئیجابین و دەتوانن چ بگۆڕن؟ ئەو ئامارانەی قوباد تاڵەبانی و یەكەكانی حزبیشمان داتا و ئاماری لایە، ئەو بابەتی بژێویی خەڵك و هەراسانبوونیان بەهۆی نەداری گەیشتووەتە بنمیچ و دەبێت چارەسەر بكرێت. پێویستە موژدەی چارەسەربوونی كێشە حكوومەت بیدات و لەگەڵ حكوومەت چارەسەری بكەین“.