فۆرینە پۆڵسی: نێچیرڤان بارزانی بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی دژ بە ئێزیدیەكان دادگایەكی نێودەوڵەتی هاوشێوەی ڕواندا دامەزرێنێت

 

دامەزراوەی فۆرینە پۆڵسی لە راپۆرتێكدا چەند زانیاریەكە لە بارەی هەوڵێكی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات, كە بۆ رزگاركردنی ئێزدییانی ژیردەستی داعش و كەیسی بەجینۆسایدناساندنی تاوانی شنگال, هەولی جدی دەدات هاوكات دامەزراوەكە دەڵێت:” نێچیرڤان بارزانی دادگایەكی نێودەوڵەتی هاوشێوەی ڕواندا بۆ جینۆسایدی ئێزدییان دامەزرێنێت”

پێشتر ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، راپۆرتێكی لەمەڕ ئەو پرسە بڵاو كردەوە و تێیدا هاتبوو كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە كوردانی ئێزدی كراوە، پەنا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ببات. ئەوان، داوا دەكەن دادگەیەكی تایبەت بەو پرسە پێكبهێندرێت.

هەروەها ئاماژە درابوو بەوەی كە، دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەشێك لە ناوچەكانی شنگال لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار كرد، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لیژنەیەكی باڵا بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەكانی دژ بە كوردانی ئێزدی پێك بێت.

ئەو لیژنەیە كە لەلایەن وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، تا ئێستە زیاتر لە هەزار لێكۆڵینەوەی كردووە و لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار لەسەر ئاستی ناوخۆ، عێراق و وڵاتانی بیانی كۆ بووەتەوە.

راپۆرتەكە دەڵیت، لە یادی كارەساتی شنگالدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە تائیستا 3092 كەس ئازاد كراون لەلایەن ئۆفیسی كاروباری رفێنراوان (سەر بە ئۆفیسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان) 1102 لەوانە ئافرەتن و 335 یان پیاون.

(خەیری بۆزانی) نوێنەری ئیزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیش دەڵیت، “1600 منداڵی ئێزدی راهێنانی دینی و سەربازییان لەلایەن داعشەوە پێكراوە و هەندێك لەوانە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە‌ ئازاد كراون و ئەوانی تریش تائیستا له ‌دەستی داعشن.

نوێنەری ئێزدییەكان ئاماژەش بەوه ‌دەكات كە لە سەرەتای كارەساتەكەوە داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە هاوكارییان بكات لە رزگاركردنی كەسوكاریان، بەڵام بێجگە لە (نێچیرڤان بارزانی) كەسی تر بە دەنگیانەوە نەهاتووە، ئەو سەرەتا وەك كەیسێك دەستی پیكرد، دواتر بوو بە ئۆفیس و ئێستا ئۆفیسەكە لە دهۆكە و چەند ئێزیدییەك كاری تێدا دەكەن. راپۆرتەكە دەشڵێت، لە یادی كارەساتەكەدا (نێچیرڤان بارزانی) 30 كچی ئێزدی رزگاركراوی بینیووە بۆ ئەوەی گوێ لە چیرۆكەكانیان بگرێت و بزانێت پێویستاین بە چییە.

(بۆزانی) گلەیی لە كۆمەڵگای نیودەوڵەتی دەكات كە وەك پێویست یارمەتی نەداون و هیچ هەوڵیك بۆ رزگاركردنی ئیزدییەكان نادات، تەنانەت دوای ئەوەی (نێچیرڤان بارزانی) ئازادیشیان دەكات كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی هیچیان بۆ ناكات، دەشڵێت، “ئەوەی بەسەر ئێزدییەكان هات به ‌هەموو مانایەك جینۆسایدە و شەنگالیش تائێستا ناوچەی شەڕە حەشدی شەعبی لێیە و بەهۆی بوونی پەكەكەشەوە هەندیك جار توركیا بۆمبارانی دەكات، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكان یارمەتیمان بدات.”

هەر لە راپۆرتەكەدا باس لە كەمتەرخەمیی كۆمەڵگای نیودەوڵەتی كراوە لە قەزییەی بە جینۆساید ناساندنی كارەساتی شنگال، لەوبارەیەوە (حوسێن حەسوون) نوێنەری ئێزدییەكان لە كۆمێتەری باڵای حكوومەت بۆ جینۆسایدی ئێزدییەكان كە لەلایەن (نێچیرڤان بارزانی)یەوە دامەزراوە دەڵێت، “ئێمە سەردانی دادگای لاهای و چەندین دادگای نێودەوڵەتیمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكان هات بە جینۆسایدی بناسێنین، بەڵام تووشی چەندین گرفت بووینەتەوە لەبەر ئەوەی حكوومەتی عێراقی هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ناكات لە هەوڵەكانمان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری نێودەوڵەت.”

راپۆرتەكە بە وردی باسی لە پشتگوێخستنی پرسی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكات لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە و دەڵێت، “چونكە هەموو ناوچەكانی شنگال لە ژێر دەستی پێشمەرگەدا نین و حكوومەتی عێراقیش نایەوێت هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بكات، تەنیا لە به شەكانی باشووری شنگال كار لەسەر ئەوە دەكرێت”، (حەسوون دەشڵێت “ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی یاسا دادپەروەری‌ بێنێت، تائێستایش چەندین شوێن ددانیان بە جینۆسایدی ئێزدییەكاندا ناوە، بەڵام وەك پرسی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ كراوە، حكوومەتی هەرێم دەیەوێت دادپەروەری كاری خۆی بكات.”

لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا ئاماژە بە وتاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە لە یادی سێ ساڵەی كارەساتی ش‌نگالدا كە گوتی، “ئێمە هێشتا هەست بەو ئازارە دەكەین كە 3 ساڵ لەمەوبەر بەسەرتان هات، حكوومەتی هەرێم ئەو پەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی لەو ئازارە كەم بكاتەوە كەبەسەر خۆشەویستانی ئێزدیمان هات”، (نێچیرڤان بارزانی) تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەڵە و شكستی سوپای عێراق بوو وای بەسەر ئێزدییەكان و خەڵكی نەینەوادا هێنا لەبری شەڕكردن رایانكرد، ئەوە روونە كە شەڕكردن و پاراستنی خەڵكی نەینەوا بەرپرسیارەتیی سوپای عێراق بوو، ئەوان چەكی پێشكەوتوو هەموو پێداویستییەكانیان هەبوو، بەڵام 5 فیرقە لەبری شەڕكردن جلوبەرگەكانیشیان جێهێشتوو رایانكرد، داعش ئەو چەك و كەرەستە پێشكەوتووانەیان بۆ پەلاماردانی نەینەواو شەنگالی خۆشەویست بەكارهێنا، كاتێك داعش هات هەموو چەكێكی پیشكەوتوویان هەبوو كه ‌لە سوپای عێراق گرتبوویان، ئەو چەكانەی پێیان بوو بەراورد نەدەكرا بە چەكی پێشمەرگە، پێشمەرگە چەكی زۆر كۆنی لەدەست بوو، پێشمەرگە هیچ رێگەیەكی بۆ پاراستنی شنگال لەبەردەم نەبوو.

لە كۆتاییی راپۆرتەكەدا ئاماژە بە قسەی (مەحما خەلیل) قایمقایمی شنگال كراوە كە گوتی، “(پەكەكە رێگرە لە بنیادنانەوی شنگال و خەڵكی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە، چونكە پەكەكە كێشەیان بۆ دروست دەكات” و،‌ تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە خەڵكی شنگال دەترسن چونكە پەكەكە منداڵەكانیان دەڕفێنێت و چەكداریان دەكات.

فۆرینە پۆڵسی دەشڵێت، لە بەینی پەكەكە و حەشدی شەعبی ئێزدییەكان ناتوانن دەست بە ژیان بكەنەوە و شوێنی مێژووی خۆیان بنیاد بنینەوە.

Back to top button