گۆڕان: تا ئێستا بۆ وەڵامدانەوەی پارتی كۆنەبوەتەوە
بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا كاتی كۆبونەوە ناوخۆییەكانی دیاری نەكردووە كە تێیدا وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان بداتەوە بەمەبەستی كۆبونەوە لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ، ئەوەش لە كاتێكدایە ( 22 ) ڕۆژە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر ئاستی باڵا داوای كۆبونەوەی دوو قۆڵی لە بزوتنەوەی گۆڕان كردووە و ( 8 ) رۆژیش بەسەر ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تێپەڕیووە كە تێیدا ماوەی دوو هەفتە دیاریكرا بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمانی كوردستان .
هاوكات ” د.ڕووف عوسمان ” سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی ڕاپەراندنی گۆڕان ڕایگەیاند ” پێش كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی ، جڤاتی گشتی كۆدەبێتەوە كە دامەزراوەیەكی ڕاوێژكاری یە و ڕاسپاردەو ڕاوێژدەداتە جڤاتی نیشتیمانی و ئەوانیش دوای گفتوگۆكردن بڕیار دەدرێت بۆ وەڵامدانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان “.
هەروەها “د.ڕووف عوسمان ” ڕاشیگەیاند ” هێشتا كات دیاری نەكراوە بۆ كۆبونەوە ناوخۆییەكانی گۆڕان و كاتی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیش دیاری نەكراوە “.