هەڤاڵ مراد ئەوە تۆش؟
عەلی ڕەحیمی
مراد قەرەیلان یەکێک لە رێبەرانی “پ ک ک”یە کە لە نێو پێکهاتەی چەپ و بەناو نەتەوەیی ئەو حیزبەدا، خۆی لە باڵە نەتەوەییەکەیدا پێناسە دەکا.
بەڵام ئەو ڕێبەرە نەتەوەییەکی نێو پ ک ک لە تازەترین لێدوانیدا لەگەڵ ئەوەی حاشای لە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردۆتەوە، دیسانەکەش وەک نەریتی هەمیشەیی پ ک ک کۆمەڵێک نسیحەت و ئامۆژگاریی حیزبەکان و خەڵکی کوردی ئەو بەشەی کوردستانی کردوە.
هەڤاڵ مراد لە قسەکانیدا جموجۆڵی ئەم دواییانەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بە فیتی عەڕەبستان و تورکیە و لە بەرژەوەندیی ئەواندا ناو بردووە و دەڵێ واباشە کورد لە ڕۆژهەڵات ئاو لە ئاشتی وڵاتانی دیکە نەکا، هەروەها واز لە چەک بێنێ و بۆ خۆیان دانیشن چالاکیی فەرهەنگی و مەدەنی و ڕێکخراوەیی بکەن.
ئەم قسانەی مراد قەرەیلان لە دوو گۆشەنیگاوە گرینگن، یەکەمیان عەقڵییەتی پاوانخوازیی پ ک ک کە هەمیشە ئەو ئیزنە بە خۆیان دەدەن لە هەر کاتێک و لە هەر دۆخێکدا دەستێوەردانی خەبات و پرسە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بکەن، دووهەم دەستە چەورەکەی خۆیان وەک هەمیشە بە لایەنەکانی دیکە بسڕن.
قەرەیلان پێی وایە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک بەرهەمی ئیڕادە و ویستی خەڵک، بەڵکوو ئەوە لە پێناو بەرژوەندیی وڵاتانێکی وەک تورکیە و عەرەبستان دایە، قسەیەک کە نەک لە هیچ لایەکەوە ڕێی تێناچێ؛ بگرە پتر خۆ ڕیسواکردنە. چونکی ئەوە حیزبەکەی خۆی واتە “پێ کا کا” یە کە لە هەموو بڕگەکانی مێژووی خۆیدا داردەستی داگیرکەر بووە، تا کاتێک شوێنی حەسانەوەی خۆراوای کوردستان بوو، ئەوە هاوپەیمانی ئەسەدی باوک و کوڕ بوو، لە سووریەش هیچ پرسێک بە ناوی کورد نەبوو؛ دوایە کە لە سووریە دەرکران و قەندیلیان داگیرکرد، ئەوە کەوتنە دژایەتیی پرسی کورد و حیزبە کوردییەکان لە ئێران و زۆر ئاسان چیای جاسووسان و ناوچە ستراتیژییەکانی قەندیلیان بە سپای پاسداتان فرۆشت. دژایەتیی هەرێمی کوردستان بە هەموو سەمبولەکانی وەک ئاڵای کوردستان و پاڕلمانی کوردستان و حکومەتی خۆبەڕێوەبەریش لە جێی خۆی، کە زیاتر لە هەموو نەیارێکی کورد دژایەتیی لەگەڵ دەکەن؛ لەباربردنی کۆنگرەی نەتەوەییش با لەجێی خۆی بوەستێ.
بەڵام ئەوەی لەو بەشەدا گرینگە نسیحەتەکەی هەڤاڵ مرادە کە دەڵێ کورد لە ئێران واباشە دانیشێ و خەریکی خەباتی مەدەنی و فەرهەنگی خۆی بێ و دەست بۆ چەک نەکا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر پ ک ک ئەوەی پێ باشە، لەبەرچی لە تورکیە کە وڵاتی قانوون و ئازادیی حیزبایەتییە و، کورد توانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا 80 کورسی بێنێتەوە و 5 وەزیری لە حکومەتدا هەبێ، بۆچی پ ک ک بە کوشتنی دوو پۆلیس ئەو خەباتە مەدنییەی مایەپووچ کردەوە؟
یان بۆچی لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکانیشدا کە حیزبە کوردییەکەی سێبەری پ ک ک توانی 60 نوێنەر بنێرێتە پاڕلمان و مەیدانێکی بەرین بۆ پ ک ک بۆ خەباتی پاڕلمانی، مەدەنی و ڕایەلکەیی دەستەبەر بوو؛ شەڕی دەست پێکرد، شەڕێک کە بووە هۆی ئاوارەیی پتر لە یەک میلیۆن کورد و وێرانبوونی چەند شار و شارۆچکەی لێکەوتەوە، ئەدی ئێستا بۆ پ ک ک ئاگربەس ڕاناگەیەنێ تا بیانوو نەدا بە سوپای تورکیە ئەوەندەی دیکەش کوردستان زیاتر وێران بکەن؟
مراد قەرەیلان کە هیندە دژی خەباتی چەکداریی کوردی ڕۆژهەڵات بە دژی کۆماری ئیسلامییە، نابێ وڵام بداتەوە کە ئەوان لە پێناو چیدا ئەو شەڕەیان لە تورکیە دەست پێکردەوە؟ کێ پێی کردنەوە؟ لە بەرژەوەندی کێ دابووە ئەو شەڕە؟ مەگەر ڕێژیمی سووریە و تورکیە زیاتر براوەی ئەو دۆخە نەبووە و هەر دووکیانی پێ بەهێز نەبوون؟ بەڕاست پ ک ک بەدووی چیدا دەگەڕێ؟
قەرەیلان پێی وایە ژانەسەر دروستکردن بۆ کۆماری ئیسلامی و وەتەنگژەخستنی ئەو ڕێژیمە لە بەرژەوەندیی تورکیە و ئۆردۆغان دایە، بۆیە نابێ کوردی ڕۆژهەڵات بیکا، بەڕاستی ئەو مەنتیقە لە سیاسەتی پ ک ک دا لە کوێەوە سەرچاوەی گرتوە؟ ئەدی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێ ئەو دکترینەی پ ک ک دا جێ دەگرێ؟
ئەوەی کەمێک لە ئەلفوبێی سیاسەت بزانێ دەزانێ کە ئەو قسانەی مراد قەرەیلان شیکردنەوەی ستراتیژییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە لە پێناو بەچۆکداهێنانی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ قەرەیلان ئامۆژگاریی کوردی ڕۆژهەڵات دەکا کە نەکەونە شەڕی تایفی لە حاڵێکدا پ ک ک لەوەتی دامەزراوە هەر لەو شەڕانە بژیوی خۆی وەرگرتوە و ئێستاش نەیتوانیوە خۆی لە گوتاری هیلالی شیعە و عەلەوییەت ڕزگار بکا و هەروەها هاوپەیمانی ئەسەد لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا ماوەتەوە.
دوا وتە ئەوەیە کە مراد قەرەیلان پێویست ناکا ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی نسیحەت بکا، بگرە بۆ خۆی و حیزبەکەیەتی کە دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانیانەوە فێر بن کە نەتەوەیی بن، کە پاڵپشت و پشتیوانی خەباتی بەشەکانی دیکەی کوردستان بن بێ ئەوەی دەستێوەردان لە خەباتەکەیاندا بکەن، کە نەبنە داردەستی داگیرکەران و بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەفرۆشن، کە خەمی گەورەیان خەمی کورد و نیشتمان و سەربەخۆیی و ڕزگاری بێ.