هێڵە سوورەكانی پارتی زەرد بوون
بارزانی لەپێناوی سەرخستنی گشتپرسی و هەنگاوی دەستپێكی پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی باشوور، هەموو جۆرە نەرمییەكی بە حیزبەكەی خۆی نواندووە. هێڵە سوورەكان نەماون و، هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا، یەك بە یەك كارتەكانی لە دەستی بەرامبەرەكانی دەرهێناوە. مەبدەئی سەرەكی لەم نواندنی نەرمییەدا، مەرج نییە ئەوە بێت كە ئیللا دەبێ لە 25ی ئەیلول گشتپرسی بكرێت، بگرە هەوڵێكی جیدییە بۆ بەرفراوانتركردنی پڕۆسەكە. ئەڵبەتە راستییەك هەیە كە دەبێ بەرامبەرەكانی پارتی تێیبگەن، بارزانی نە لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئەوان و نە هی دەرەكی ئامادە نییە تەسلیمی ئەو شانتاژە سیاسییە بێت، چونكە نە ئەوانەی دەڵێن “نەخێر” و نە ئەوانەیشی كە دەڵێن “ئێستا كاتی نییە”، قسەكانیان قایلكەر نین.
پرسیارەكە ئەوەیە ئەدی كەی كاتیەتی؟ ئەگەر ئەوان پێیانوایە كە دەبێ گشتپرسی و هەڵبژاردنە گشتییەكان بەیەكەوە ئەنجام بدرێن، ئەی بۆ ئامادە نین لەگەڵ پارتیدا دانیشن و پەرلەمان كارا بكەنەوە؟ ئەگەر ئارگۆمێنتەكەیان ئەوەیە كە ئامادە نین پەرلەمان بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كارا بكەنەوە، ئەدی كەواتا كوردستان چ پێویستی بە پەرلەمانە؟ ئەگەر كێشەی ئەوان هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمە، پارتی نەك بۆ هەموارەكەی، تا نەهێشتنی پۆستەكەش لەگەڵدایە، لە 1992 ەوە تا 2006 هەرێمی كوردستان سەرۆكی نەبوو. چی روویدا؟
بە ئاراستەی نێودەوڵەتیش و بەتایبەتیش ئەمریكا كە پێیوایە كاتی ریفراندۆم گونجاو نییە و، مەبەستیانە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی نیسانی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، دەكرێ دەرگای دانوستاندنیان لەگەڵ بكرێتەوە و داوای گەرەنتیی یاسایی و نێودەوڵەتییان لێ بكرێت بۆ دیاریكردنی وادەی گشتپرسی و دڵنیایی لەوەی كە هەم پشتیوانی پڕۆسەكە دەبن و هەم ئەنجامەكانی قەبوڵ دەكەن. هاوكات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەندێك دەرگای دارایی و سەربازی بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەنەوە تا بتوانێ قەرزی نێودەوڵەتیی راستەوخۆ وەربگرێ و چەكیش بكڕێت.
هەر گۆڕانكارییەك لە ئەنجامدانی وادەی ریفراندۆمدا بكرێت، ئەگەر زامنی یەكڕیزیی ماڵی كوردستان بێت و پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەستەبەر بكات، مانای شكستی هیچ كەس و لایەنێك نییە. بگرە سەركەوتنە.
26ی ئەیلول چی روودەدات؟
(2)
سەرباری هەموو گوشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئەگەر زەمینەیەكی نیشتمانی و تەوافوقی لە ناوخۆ، لەسەر وادەی ئەنجامدانی گشتپرسی نەیەتە ئاراوە و، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش نەتوانێ دەستەبەری ئەو مافە بكات و هەر بڵێ كاتی نییە، ئەوا رۆژی 25ی ئەیلول بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن. ئەنجامی گشتپرسی هەرچییەك و هەرچۆنێك بێت، دەنگی “بەڵێ” سەردەكەوێت و ئەوەش لە 60% كەمتر نابێ. 26ی ئەیلول بارزانی دێتە بەردەم خەڵكی كوردستان و رایدەگەیەنێت كە ئەو ئەركی ئەخلاقی، ویژدانی و مێژوویی خۆی بەجێگەیاندووە و لێرە بەدواوە، رێگەی سەربەخۆیی لەبەردەم كورد واڵایە، چونكە ئەنجامەكان رەنگدانەوەی ئیرادەی میللەتن كە لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە. بارزانی پێشتر لە پەیامێكیدا، رایگەیاندبوو كە دەبێ حكومەتی داهاتوو پابەندی ئەو ئەنجامانە بێت و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە كار بكات، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێ كە بارزانی، حكومەتی داهاتووی كوردستان موكەللەف دەكات بەوەی ئەو پڕۆسەیە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەردا، بخەنە بەر گفتوگۆ.
ئەركی حكومەتی داهاتووی كوردستان، ئەركێكی قورس و تاقەتپڕوكێن دەبێ، بەتایبەتیش گۆڕانی نەخشەی سیاسیی بەغدا كە ئەمریكا مەبەستیەتی وەك ئێستا بمێنێتەوە. هەر بۆیە نایەوێ كورد ببنە فاكتەری بەهێزبوونی مالیكی و ئاراستەی ئێرانی لە بەغدا. كورد ئەوكاتەش دەتوانێ لە دوای گشتپرسی نەخشەڕێگایەكی هەبێ بۆ سەرخستنی دیدگای ئەمریكا. بە حوكمی ئەوەی هەڵبژاردنەكانی بەغدا دوای هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەبن (ئەگەر هی كوردستان دوا نەخرێت)، ئەوا نەخشەی سیاسیی كوردستانیش گۆڕانی بەسەردا دێت و رەنگبێ بڕیاردان لە داهاتووی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا یان جۆری وەرگرتنی بڕیاری سیاسی لە كوردستان ئاسانتر بێت.
ئەڵبەتە حكومەت دەكەوێتە ژێر گوشاری ئابووریی زیاتر، بەڵام ئەوە قۆناغێكی راگوزەر دەبێت و قەت لەو كاتانە سەختتر نابێت كە كوردستان لە 1991 تا 1996 لەژێر دوو ئابڵوقەی ئابووریدا خۆی راگرت.
گۆڕان چی دەوێت؟
(3)
ئەمریكییەكان بەوجۆرە پرسیارانەی وەك “گۆڕان چی دەوێت؟” دەڵێن: ئەوە پرسیارێكە وەڵامەكەی بایی یەك ملیۆن دۆلارە! چونكە گرفت ئەوە نییە كە خەڵك نەزانێ گۆڕان چی دەوێت، كارەسات ئەوەیە كە گۆڕان خۆیشی نەزانێ چی دەوێت.
دەڵێن جارێكیان مەلایەك خوتبە دەدات، روو لە خەڵك دەكات و دەڵێ: میللەت دەزانن؟ ئەوانیش دەڵێن بەڵێ، دەڵێ مادام دەزانن، نایڵێم! خەڵكەكە لێیان دەبێ بە مەراق كە بزانن مەلا دەیویست چی بڵێت؟ بەیانییەكەی دیسان مەلا دەپرسێ دەزانن؟ ئەوجارە دەڵێن نا. مەلا دەڵێ هەر نەزانن باشترە! رۆژی سێیەم دووبارە مەلا روویان تێدەكاتەوە و دەپرسێ. ئەمجارەیان نیوە دەڵێن بەڵێ و نیوەیان دەڵێن نا. مەلاش دەڵێ كەواتا زۆرباشە، ئەوانەی دەزانن، با بەوانەی بڵێن كە نازانن! ئەوەیە حیكایەتی حاڵی سەركردایەتیی ئێستای بزووتنەوەیەك كە لەڕووی سیاسییەوە وا ئیفلیج بووە، توانای بڕیاردانی لەسەر دانیشتن یان دانەنیشتن لەگەڵ پارتی پێ نادرێت، چجای ئەوەی بتوانێ لەگەڵیدا رێكبكەوێ!