ئایا گۆڕان هەڵەیەکی ماتماتیکی سیاسی دەکات!

پێدەچێ پشکنەرە سیاسییەکانی گۆڕان بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا تا ئێستا نەیانتوانیبێ ئەنجامێکی دروست بدەنە دەست سەرکردایەتیی هەڵبژێردراوی نوێی گۆڕان بۆ ئەوەی لە بابەت کاراکردنەوەی پەرلەمان و ریفراندۆمدا بڕیار بدەن.
چونکە ئێستا کاتی بڕیاردانی ئەو بزووتنەوەیە و لە نێوان بەڵی بۆ ریفراندۆم و نەخێر بۆ ریفراندۆمدا سنوورێکی دیکە نییە تا گۆڕان خۆی پێوەسەرقاڵ بکات، چونکە دەرگای سەرجەم سیناریۆییەکان نەوەک بەتەنیا لەبەردەم گۆڕاندا بەڵکوو بەڕووی هەموو حزبەکانی دیکەیش داخراوە و کاتی دیاریکردنی هەڵوێستی حزبەکانە بە کردار.

ئەوەی تێبینی دەکرێ پێدەچێ هێشتا هاوکێشەی گۆڕان لە سیاسەتدا نەیتوانیبێ پراگماتیکیانە تێگەیشتنی بۆ رووداوەکان هەبێ، بۆیە ئەرکە قورسەکە ئێستا لەبەردەم رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانە کە ئایا بڕیار دەدات کە بێتە نێو بەرەی رشت لەسەر ریفراندۆم یان پشت لە ریفراندۆم دەکات.

لەبەردەم رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕاندا دوو بڕیار هەیە کە هەریەکەیان ئاسان نییە بۆ هاوکێشەی بزووتنەوەی گۆڕان.
یەکەم لە ئەگەری پاڵپشتی بۆ ریفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان:
ئەگەر گۆڕان ئەم بڕیارەی دا ئەوا لە دەرگایەکی نوێی سیاسەتدا دێتە ژوور و بە ئەنجامێکی نوێیشەوە ئاکامەکانی بۆ شەقام دەردەکەوێ، لەم هەڵوێستەدا گۆڕان بەبێ رەخنە نابێ بەڵام ئەنجامێکی باشی بۆ داهاتووی گۆڕان دەبێ کە بێتە بەرەی پشتیوانیکردن لە ریفراندۆمەوە.
لە ئێستادا بۆ ئەمەیان بە ئاشکرا لە هاوکێشەی گۆڕاندا دیارە کە ئەمەیان ناوێ، بەڵام ئەگەر رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمەی ویست و بڕیاری لێ دا ئەوا متمانەی گۆڕان لەنێو رێککەوتنە سیاسییەکاندا دروست دەکاتەوە و دەبێتە دەسپێکێکی باش بۆ تێگەیشتنی گشتیی لە بابەت چارەکردنی هەر قەیرانێکی سیاسی کە لە کوردستاندا بێتە بوون. هەروەها دەرفەتێکی باشیش دەبێ کە گۆران سەردەمی سڕبوونی لە سیاسەتدا بشکێنێ.

دووەم: ئەگەر گۆڕان پشتیان لە ریفراندۆم کرد
لەم حاڵەتەدا گۆران دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەقڵیەتی جارانی کە دەیەوێ کەشێکی وا لە ناوچەکەدا بخوڵقێنی کە سیاسەتی پاساوگرتن لەپێناو خۆ دزینەوە رەچاو بکات، ئەمەشیان دەبێتە هۆکارێک کە هێزی سیاسی گۆڕان نیشانی ناوچەکە بدات کە نەیانتوانیوە لەڕووی پراگماتیکی سیاسییەوە شیکاریی دروست و خوێندنەوەی دروستیان بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەبێ، ئەمەیشیان زیانێکی زۆری بۆ داهاتووی سیاسی گۆڕان دەبێ.

لە ئێستادا هاوکێشەی سیاسی گۆڕان هەڵەیەکی ماتماتیکی تێکەوتووە و ئەگەر خۆی دابەشی سەر بەرژەوەندییە گشتییەکان نەکات ئەوا لە پاڵ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیدا باجێکی گەورە دەدات و چارەکردنی ئەم هەڵەیەش تەنیا گەڕانەوەی گۆرانە بۆ پاڵپشتیکردن لە بڕیاری گەل کە ریفراندۆمە.

ئەگەر گۆڕان دەنگی خستە پاڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەتا ئەگەر بێت و کورد لە ریفراندۆمدا شکستیش بخوات ئەوا ئەم شکستە بۆ گۆڕان دەبێتە ئەنجامێکی باش چونکە لەگەڵ رای گشتیی حزبە سیاسییەکاندا لەپاڵ گەل دا بڕیاری داوە، بەڵام ئەگەر گۆڕان خۆی لە هاوکێشەکەدا جیا کردەوە و هەتا ئەگەر بێت و ریفراندۆم شکستی برد ئەوا گۆڕان دەبێتە بزووتنەوەیەکی شوم لە بەرچاوی شەقامی کورددیدا چونکە خۆی لە بەرپرسیارێتیی دزییەوە.

بە دڵنیاییەوە کە ریفراندۆم سەرکەوتنی بەدواوەیە و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەمەیاندا یەقینە کە ریفراندۆم دەرفەتێکی نوێی لەبەردەم کورددا دەکاتەوە و لە گۆرانکارییەکانی ناوچەکەدا پشکی کورد سەنگینتر دەکات، بۆیە پێویستە گۆڕان لەم کاتە کەمەی کە لەبەردەمیدا ماوە بڕیارە دروستەکە بدات کە خۆیشی دەیزانێ بڕیار دروست هەمیشە ئەوەیە کە لەپاڵ گەل دا بێ و مل بداتە بەرپرسیارێتییەکان و پاڵپشتی ریفراندۆم بێ.

Back to top button